دێسکی وەرزشی زاری کرمانجی:
لەگەڕی 17 ـی خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان، یانەی رواندز بەئامانجی هەستانەوە پێشوازی لە یانەی هەولێر دەکات.
نەوەکانی پاشای گەورە، لەدۆخی ناهەمواری یانەکەیان ئاگادارن و دەیانەوێ ئەم یارییە ببێتە هۆکارێک بۆ بەرزبوونەوە و دەربازبوون لەناوچەی سوور.
کوڕانی فازڵ عەباس خۆیان مەڵاسداوە تا لەنێو یاریگەی سۆران یانەی هەولێر، تووشی دووەمین دۆڕان بکەن لەخولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان.
ئەم یارییە بۆ پاسەوانانی قەڵای زەردیش گرنگە، چوون بردنەوە واتای گەڕانەوە بۆ ریزی یانە نایابەکان بەر لەتەواو بوونی خولەکە بە دوو گەڕ.
14 یاریی ئەم وەرزەی خولەکە، لەسوودی رواندزییەکان نییە. بردنەوەیەک، حەوت یەکسانبوون و شەش شکست بووەتە بەشیان و بە 10 خاڵ لەخانەی حەڤدەیەمی ریزبەندن.
هەولێر، لە 15یاریی 8 بردنەوە، 6 بەرانبەربوون و 1 شکستی هەیە بە 30 خاڵ لەپێشەنگی ریزبەندی دێت.
بڕیار بوو ئەم یارییە لەسەر یاریگەی رواندز بەڕێوەبچێت، بەڵام دواتر لیژنەی پێشبڕکێیەکان بە یانەکەیان گووتووە، کە یارییەکە گەڕاوەتەوە یاریگەی سۆران. کاتژمێر 3 هەولێر و رواندز بەدوو ئامانجی جیاواز رووبەڕوو دەبنەوە.