زاری كرمانجی – خەلیفان:
سەرۆكی شارەوانی خەلیفان، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” لە ساڵی رابردوو، بە گوژمەی یەك ملیار و پێنج سەد میلۆن دینار ژمارەیەك پڕۆژەی خزمەتگوزاری جۆراوجۆر لە لە سنوورەكەمان جێبەجێ كراون، كە پێكهاتوون لە قیڕتاوكردنی رێگاكان و كۆنكریتكردنی كۆڵانەكان و درووست كردنی شۆستە و جۆگەی داخراو و كراوە، خۆشبەختانە بەشێك لەو پڕۆژانە تەواوكراون بەشێكی دیكەشیان لە قۆناغی سەرەتا و كۆتاییدان، كە بەهۆی هاتنی وەرزی سەرما و زستان كاركردن لە بەشێك لەو پڕۆژانە وەستێنرا، دووای ئاسایی بوونەوەی كەش و هەوا، دووبارە دەستدەكرێت بە كاركردن و تەواوكردنی سەرجەم پڕۆژەكان.
تاریق ئیبراهیم، سەرۆكی شارەوانی خەلیفان، گووتیشی:” بۆ ئەمساڵ هێشتا پڕۆژە خزمەت گوزارییەكان بۆ خەلیفان دیاری نەكراوە، بەڵام ئەگەر بێت و ئیدارەی سۆران بەهەمان شێوەی ساڵی رابردوو هاوكارمان بێت و پڕۆژە جێبەجێ بكرێن، دڵنیام بەشی هەرە زۆری گەڕەك و كۆڵانەكانی سنوری شارەوانیمان دەستی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری پێدەگات و بەو شێوەیە سەرجەم دانیشتوانی شارۆچكەكەمان سوودمەند دەبن.”