د. حەبیب مەحمود، پسپۆڕی ور لە نەشتەرگەری ناوسكبینی كۆئەندامی هەرس و قەڵەوی
- بەشێوەیەكی گشتی بەردی زراو تەنها ئەو كاتە پێویستە نەشتەرگەری بۆ ئەنجام بدرێت كە هۆكاری ئازار و ناڕەحەتی بێت، یان هۆكاری گیرانی بۆڕی زراو و هەوكردنی تورەكەی زراو و پەنكریاس بێت.
هەندێك جار بەردی زراو بێدەنگە و هیچ ئازار و ناڕەحەتی دروست ناكات، بەڵام وا باشترە كە نەشتەرگەری بۆ ئەنجام بدرێت، ئەو حاڵەتانەش تەنها ئەمانەی خوارەوەن: - ئەگەر قەبارەی بەردەكە لە سێ سم گەورەتر بوو.
- ئەگەر هاتوو بەردی زراو لەگەڵ گۆشتی زیادە دروست بوو لە دیواری تورەكەی زراو .
- ئەگەر گۆشتی زیادەی تورەكەی زراو یەك سم یان زیاتر بێت.
- ئەو نەخۆشانەی كە گۆڕینی رێڕەوی خواردنی بۆ ئەنجام دراوە بۆ دابەزاندنی كێشی لەش، وا باشترە كە نەشتەرگەری لابردنی زراویان بۆ ئەنجام بدرێت پێش ئەوەی بەرد دابەزێتە بۆڕی زراو.
باشترین رێگاش بۆ لابردنی زراو بریتییە لە نەشتەرگەری ناوسكبینی (نازور) تەنها لە رێگای چەند كونێكی بچووكەوە، بەمەش نەخۆشەكە كەمترین ئازار و برینی بۆ دروست دەبێت.