محەمەد هەسنانی – سۆران:
هاووڵاتییەكی خەڵكی گوندی بەرزێوە، دانیشتووی ئیدارەی سۆران، ئەندامی رێكخراوی بەخشینی خوێن و ژیان، تائێستا بەدەیان بتڵ خوێنی بەخشیووە و دەشڵێت: كاتێك خوێن بە كەسێك دەبەخشم هەست بە ئاسوودەیەكی زۆر دەكەم.
باپیر حسێن سەبری، ناسراو بە (تاقانە) بەڕزێوەیی، بە زاری كرمانجی راگەیاند: لە ساڵی 2006 تائێستا زیاتر لە 30 بتڵ خوێنم بەخشیووە، واتە شەش مانگ جارێك خوێن دەبەخشم، جاری واش هەبووە لە حاڵەتی وا كە نەخۆشێك پێویستی بە خوێن بێت، كەمتر لەو وادەیە خوێنم بەخشیووە، بە كارێكی مرۆڤانەشی دەزانم و لە كاتی خوێن بەخشیندا هەست بە ئاسوودەیەكی زۆر و تەندروستییەكی باش دەكەم.
گووتیشی: وەك پزیشك و كارمەندانی تاقیگەكانی خوێن باسی لێوەدەكەن، جۆری خوێنەكەم زۆر باش و گونجاوە بۆ نەخۆش، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە جگەرە ناكێشم، هەروەها ماددە كحولییەكان ناخۆمەوە و هیچ نەخۆشیەكی درێژ خایەنم نییە، ئەو نەخۆشانەش كە خوێنم پێیانداوە سوودی زۆریان لێ بینیووە.
تاقانەی بەرزێوە، ئەو كارە مرۆڤانەی ئەندامانی رێكخراوی بەخشینی خوێن و ژیان بەرزدەنرخێنێت، لە دابینكردنی خوێن بۆ گشت شارو شارۆچكەو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بە كەركوك و ناوچەكانی دیكەشەوە، چونكە كارێكی مرۆڤانەیە و بە هانای هەزاران كەس دەچن.