زاری كرمانجی- سۆران:
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندێکی باڵای ئەمەریکا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ئابووریی عێراق و هەرێمی كوردستان کۆبوونەوە.
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ ١٥ی ئادار / مارسی ٢٠٢٣، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە: نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە پهراوێزی دیداری سلێمانی لەگەڵ شاندێكی باڵای ئەمەریكا، بە سەرۆكایەتیی تێری ووڵف یاریدەدەری تایبەتیی سەرۆکی ئهمهریکا و بەڕێوەبەری باڵا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی و شاندێكی یاوەری كۆبوووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئابووریی عێراق و هەرێمی كوردستانیان تاوتوێكرا و دەربارەی پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا و كێشەكانی نێوانیان، بیروڕایان ئاڵوگۆڕ كرد.
شاندی باڵای ئەمەریكا بەردەوامیی پشتگیری و هاوكاریی ئەمەریكای بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان دووپاتكردەوە.
دەربارەی دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش، شاندی ئەمەریكا یەكڕیزیی هێزە سیاسییەكانی كوردستان بە تایبەتی پارتی و یەكێتی به پێویست زانی بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگاری و سەختییەكانی ئێستا لە عێراق و هەرێمی كوردستان.
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا هەردوولا هاوڕابوون كە چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر ـ بەغدا یارمەتیدەر دەبێت بۆ سەقامگیریی سیاسی و ئابووریی عێراق و هەرێمی كوردستان، هەروەها جهختیان له پشتگیریی بەڕێز محەمەد شیاع ئەلسوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدراڵ و كارنامەی حكوومەتەكەی کردهوه.
تاوتوێكردنی دۆخی ناوچەكە بە گشتی و چەند پرسێكی جێی بایەخی هاوبهش، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.