زارى كرمانجى :
سەرۆك وەزیرانی عێراق، لەمیانەی دیداری حەوتەمی سلێمانی رایگەیاند:” رێكەوتن لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە گوزارشت لەهەنگاوێكی بوێرانە دەكات كە خۆی لەشكستەكانی پێشوو بەدوور دەگرێت و ڕەنگدانەوەی ڕوونی ئەو بینینەیە كە بۆ ئامانجە دیارەكانمان دانراوە لەخزمەتكردنی هاووڵاتیاندا.
هەروەها گوتی: بودجە كلیلێكی گرنگە بۆ كردنەوەی دەرگاكان بۆ چارەسەركردنی چەندین كێشە،بەدەستهێنانی ئەولەویەتی بۆ چارەسەركردنی بێكاری،بەرەنگاربوونەوەی هەژاری و گەندەڵی ، دەست پێكردنی چاكسازی ئابووری.
محەمەد شیاع سودانی، گوتیشی: سەقامگیریی دارایی و سیاسی زەمینە خۆش دەكات بۆ وەبەرهێنانی باش لە سامانی سەرەتایی لەوڵاتەكەماندا، دەركردنی یاسای نەوت و گاز ، لێكگەیشتن لەگەڵ هەرێمی كوردستانی عێراق لەم بوارەدا.
هەروەها سەرۆك وەزیرانی عێراق سەبارەت بە پارێزگابوونی هەڵەبجە گوتی: یادە ئازاربەخشەكەی ئەو تاوانە قێزەونەی كە ڕژێمی دیكتاتۆری بەرامبەر بە گەلی كوردمان لە شاری هەڵەبجە ئەنجامی دا، بۆنەیەكی خەمناكە و دوو ڕۆژ لەمەوبەر لە ئەنجومەنی وەزیران دەنگمان دا لەسەر پرۆژەكە بۆ ئەوەی بیكەینە پارێزگا كە كەمترینە لە بەرامبەر ئەو قوربانیە مەزنەدا.
سودانی سەبارەت بە سەردانەكەشی بۆ شاری هەولێر گوتی: كۆبوونەوەكانمان لەهەولێر بەسوود بوو و لەگەڵ كۆمەڵێك سەركردەی حزب و نوێنەری پێكهاتەكان كۆبووینەوە و بەبێ مەرج گفتوگۆمان كرد، چونكە ئێمە – بە وشەو و كردار – كوڕی یەك نیشتمان و یەك چارەنووسمان هەیە.