بۆچی قوتابییان لە قوتابخانە ئەهلییەكاندا فێری زانست و زمانی بیانی دەبن؟
مستەفا دۆلەمەری- زاری كرمانجی:
سەرەڕای خراپی دۆخی داراییان و خەرج كردنی پارەیەكی زۆر، بەڵام هێشتا بەشی زۆری دایك و باوكان هەوڵ دەدەن منداڵەكانیان بۆ خوێندن ببەنە قوتابخانە ئەهلیەكان و لە قوتابخانە حكومییەكان دووریان دەخەنەوە، ئەمەش بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێنەوە كە پەیوەندی بە دوواڕۆژی قوتابییەكەوە هەیە، زاری كرمانجی لەم راپۆرتەدا تەواوی جیاوازیەكانی لە نێوان قوتابخانە حكومی و ناحكومیەكان دەخاتەڕوو.
بەپێی زانیارییەكانی زاری كرمانجی، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ٦٤٨ قوتابخانە و باخچەی ساوایانی حكوومی بوونی هەیە، ئەمە لە كاتێكدایە لەو دەڤەرە تەنها ٢١ قوتابخانە و باخچەی ناحكوومی هەن.
محەمەد نادر، قوتابی پۆلی 11ی زانستیە لە یەكێك لە قوتابخانە حكومیەكانی سۆران، بە زاری كرمانجی گووت:” كاتێك هەندێك لە هاورێكانم دەبینم كە لە قوتابخانە ئەهلیەكاندا دەخوێنن، ئەو كات هەست بە جیاوازیەكی زۆر دەكەم كە لە نێوان قوتابخانەی ئێمە و ئەواندا بوونی هەیە، بە شێوەیەك لە پۆلەكەی ئێمەدا لە قوتابخانەی حكومی ٣٥ قوتابی تێدایە، بەڵام لە پۆلی هاوڕێكەم كە لە قوتابخانەی ئەهلی دەخوێنێت تەنها ٢٠ قوتابین و كوالێتی خوێندنی ئەوان زۆر باشترە.
زیاتر گووتی:” لە قوتابخانەی ئەهلی زیاتر گرینگی بە زمانی ئینگلیزی دەدات، كە چی لە حكومییەكاندا ئەو گرینگیە بە زمان نادات، ئەمەش لەبەر نەبوونی مامۆستای پسپۆڕە، قوتابخانە ناحكومییەكان لە دەرەوە مامۆستای پسپۆڕی دەهێنن بۆ وانە وتنەوە، بۆیە ئەمانە هەمووی هۆكارێكن كە جیاوازی هەبێت لە نێوان قوتابخانەی حكومی و ناحكومیدا، كاتێك دەرچوویەكی قوتابخانەی ئەهلی دەبینم دەرفەتی دەستكەوتنی كاری زیاترە، ئارەزووی خوێندنك كەم دەبێتەوە و هەست بە جیاكاری دەكەم، چونكە ئەوان هەرنەبێت دوو زمانی بیانی فێردەبن و ئاستی زانستیان باشترە لە ئێمە.
سەردار رزگار، باوكی یەكێك لە قوتابیەكانە و بۆ زاری كرمانجی گووتی:” گەر چی كچەكەم لە قوتابخانەیەكی حكومی دەخوێنێت، لە ئاستێكی زۆر باشیش دایە و ماوەی شەش ساڵە بە یەكەم دەدرەچێت، لە گەڵ ژمارەیەكی زۆر لە قوتابی لە پۆلێكدان، ئەوەش هیچ كاریگەریەكی لە سەر ئاستی فێربوونی كچەكەم نەكردوە.
دووپات لەوە دەكاتەوە:” وەكو زۆربەی باوكان حەز دەكەم منداڵەكەم لە ناوەندێكی باش بخوێنێت و ئایندەیەكی باشی هەبێت، بۆیە لێرەوە داواكارم لە لایەنی پەیوەندیدار كە ئاستی قوتابخانە حكومیەكان باشتر بكەن و گرینگی بە دروست كردن و نۆژەنكردنەوەی بینایەی قوتابخانەكان بدەن.
لەم بارەیەوە، عیسمەت محەمەد، سەرپەرشتیاری ئامادەیی، بە زاری كرمانجی گووت:” قوتابخانە حكومیەكان لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە پاڵپشتی ماددی و مەعنەوی دەكرێن، بەڵام قوتابخانە نا حكومییەكان لەلایەن كەرتی تایبەتەوە پاڵپشتی ماددی و مەعنەوی دەكرێن، لە قوتابخانە حكومیەكان لە بەرامبەر خوێندن قوتابی هیچ پارەیەكی لێ وەرناگیرێت، بەڵام لە قوتابخانە نا حكومیەكاندا قوتابی پارە دەدات بۆ خوێندن، لەلایەنی خزمەتگوزاریەوە، قوتابخانە نا حكومیەكان لە قوتابخانە حكومیەكان باشترن.
زیاتر گووتی:” بەدواداچوون و چاودێری كردنی قوتابی لە قوتابخانە نا حكومییەكان باشترو زیاترە لە حكومیەكان، هەروەها لە رووی تەندروستیەوەش زیاتر چاودێری دەكرێن لە قوتابخانە حكومیەكان و هەموو منداڵێك ئەگەر تەمەنی گونجاو بێت بۆ خوێندن، دەتوانێت لە قوتابخانەی حكومی بخوێنێت، بەڵام لە نا حكومییەكان، تەنها ئەو قوتابیانە دەتوانن بخوێنن كە توانای داراییان باشە، بەپێی ئەو داتایانەی بەردەستن لە ساڵانی ڕابردوو، ئاستی زانستی و ڕێژەی دەرچوون لە قوتابخانە حكومیەكان باشترە لە نا حكومییەكان، كەچی دەبینین ئێستا لە كوردستان ژمارەیەكی زۆری قوتابخانەی نا حكومی هەیەو هەندێكیان لە ئاستی پێویستدا نین و لەوانەیە لەسەر بنەمایەكی زانستی دانەمەزرابن، بۆیە پێویستە باشتر چاودێری بكرێن لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە.
لای خۆشیەوە، ئینزار تاهر، بەڕێوەبەری پلاندانان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” لە رووی پێداویستیەوە قوتابخانە ناحكومییەكان باشترن ئەمەش لەبەر ئەوەیە بە پارەیە توانایان زۆر باشترە لە قوتابخانە حكومیەكان، بەڵام بۆ خوێندن جیاوازیەكی وا نابینم، قوتابیمان هەیە لە قوتابخانە ناحكومییەكان نمرەی لە سەرووی ٩٠ بووە كە هاتۆتە قوتابخانەی حكوومی نمرەكەی زۆر دابەزیووە، واتە دەتوانین بڵێین ئەو نمرەیەی دەدرێتە قوتابی لە خوێندنگە ناحكوومییەكان بە پێی پێوەرێكی پێویست نییە، ئەگەر سەیری بكەین ئەو قوتابیانەی كە نمرەیەكی بەرزیان هێناوە قوتابیی قوتابخانە حكوومیەكانن، و ئەو نمرانەی كە لە قوتابخانە ناحكوومیەكان دێن هەمووی بەرهەمی قوتابخانە حكوومیەكانن، چونكە قوتابی هەیە لە قوتابخانە حكومیەكان لە پۆلی دوانزە نمرەیەكی بەرز دەهێنێت، بەڵام ئەو ساڵ دەكاتە ” تەحسین معەدەل ” ساڵی داهاتوو دەچێت بۆ قوتابخانەیەكی ئەهلی پارە نادات چوونكە نمرەی بەرز بووە، بۆ ساڵی دووەم كە تاقیكردنەوەی كرد بە هەمان شێوە نمرەیەكی بەرز دەهێنێت و قوتابخانە ناحكوومیەكان بەم شیوەیە خۆیان پێ بەرز دەكەنەوە.”
بەڕێوەبەری پلاندانان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران، گووتیشی:” لە ئیدارەی سۆران ٦٤٨ قوتابخانە و باخچەی حكوومی بوونیان هەیە، هەروەها ٢١ قوتابخانە و باخچەی ناحكومی لێیە.