ڕائیب زراری
بارزانی نەمر، لە قۆناغێكی مێژوویی و چارەنووسسازدا، خەباتی دژی داگیركەرانی خاوەن هێز و پشتیوان هەڵبژارد، كە گەلی كورد لە سەردەمێكی پڕ لە ئازار و نەهامەتی دەژیا، كە جگە لە خوا و رەوایی دۆزەكەی و ئامادەیی رۆڵەكانی بۆ مەرگ لە پێناو ئازادی، هیچ پشت و پەنایەكی دیكەیان شك نەدەبرد، بەڵام بەهۆی ئیرادەی بەهێز و باوەڕبەخۆبوون و رەوایی دۆزەكەی، بۆ چركەیەك بڕوای ئەو سەركردە مێژووییەی كورد لەق نەبوو، ئازایانە خەباتی بۆ نەتەوەكەی كرد و لەو رێگەیەشەوە، میراتێكی گەورەی لە خەبات، دژی ستەم و زۆرداری بۆ رۆڵەكانی بەجێهێشت.
بارزانی نەمر، بندەستی ڕەتكردەوە و لە چیاكانی بارزان، شۆڕشی بارزانی بەرپا كرد، توانی هەموو ئەو بەربەستانە ببڕێت و شۆڕش لە دوای شۆڕش بەرپا بكات و داوای مافی گەلی كورد بكات، بۆیە هەموو تەمەنی لە پێناو خەباتی نەتەوەیی و رزگاریی گەلی كوردستاندا بەخشی و، تا دواساتەكانی تەمەنیشی بیر و فكری هەر لای نەتەوەكەی بووە، ئەوەی پێی كراوە بۆ نەتەوەكەی و پێی باش بووە كردوویەتی و خەون و ئامانجی هەرە گەورەی ئەوە بوو كە خزمەتی میللەتی خۆی بكات، بتوانێت ئەو زولمەی لەسەر میللەتی كورد هەیە نەهێلێت و مافی كورد بە دەست بهێنێت.
ئەم رابەرە مەزنە دوای خۆی نەك تەنها ئەزموونێكی پاك و بەهێزی سەركردایەتییكردن و كلتوورێكی تەندروستی بۆ خزمەتكردنی گەل و خاكی كوردستان جێهێشتووە، بەڵكو بارزانی نەمر، توانیویەتی ببێتە ئاوێنەی بوون و مانەوەی گەل و نیشتمانەكەی و ئەو سیمبولە مەزنەی كە مێژوو بە شوناس و رۆشنكەرەوەی ئاسۆی سەرفرازی نەتەوەیەك گوزارشتی لێ بكات، نەك هەر لە قۆناغەكانی رزگاریی نەتەوەیی، بەڵكو دوای سەربەخۆیی، گەلەكەشی هێشتا بیروباوەڕ و خواست و ئامانجی ئەو وەك قوتابخانەیەك بۆ پەروەردەی فیكری و هەڵوێست و ئاراستەی دروستی ئەركەكان نەخش و رێنماییەكی كارا دەگێڕێ و بۆ هەمیشە نەوەكانی گەلەكەی، وەكو مەرجەعێك، بە پەیڕەوكردن و گەڕانەوە بۆ بیر و باوەڕ و رێبازی تێكۆشان و ئاكارەكانی ئەو، چالاكترین وانە و گوڕوتین فەراهەم دەكەن و لێرەوە دەتوانن بە شاڕێگەی كاروانی تەندروستی ژیان و پارێزراوی قەوارەی سیاسی و نیشتمانی و پەرەسەندنی بەردەوامی كۆمەڵگەدا هەنگاوی تۆكمە بهاوێژن، هەروەك مارتن ڤان برۆنسن دەڵێ: نەوەكانی داهاتووش دەبێ بارزانی بكەن بە ئاوێنەیەك بۆ دروستكردنی دواڕۆژ.
بارزانی نەمر، رەمزی یەكبوونی گەلی كوردستان بوو، تەنانەت پاش كۆچباربوونیشی بۆتە هێمایەك بۆ خەباتی نەتەوایەتی كورد لە هەموو جیهاندا و بۆتە پاڵپشت بۆ خەباتی نیشتمانی گەلی كوردستان، بارزانی بە نەمری لەناو میللەتەكەیدا و، بە مەزنی لەناو مێژوویی جیهاندا مایەوە، ئەوەش بەهۆی كۆمەڵێك بنەمای پتەو پرەنسیپی راست و دروست و هەڵوێستە مرۆڤ دۆستییە مەزنەكانییەوە، كە لە چوارچێوەی رێبازەكەیدا بۆ كوردستان و مێژوویی ئازادیخوازان و نەوەكانی دوارۆژی بەجێ هێشتووە.
بارزانی نەمر و پێشمەرگەكانی مەزنترین پاڵپشت بوون بۆ كۆماری كوردستان لە مەهاباد، بارزانی نەمر هێمای گەلێكی بەش خوراو زوڵملێكرا بوو كە جیهان لە رێگەی ناوی ئەوەوە كوردی ناسی، لە دوای خۆشی رێبازێكی جێهێشتووە كە ئەمڕۆ گەلی كوردستان توانیویەتی لەبەر رۆشناییەكەیدا لەناو گێژاوی ئاڵۆزییەكانی جیهاندا سیاسەتێكی هاوسەنگ و هێور بگرێتەبەر و لەناو هاوكێشە نێودەوڵەتییەكانی ئەم سەردەمە و باری سیاسی پشێوی عێراقدا، پێگەی خۆی بپارێزێت.
پێویستە هەر ساڵ رۆژی 1-3 یاد بكەینەوە و سەردانی مەزاری نەمران لە بارزان بكەین و دەرس لەو زاتە گەورەیە وەربگرین و تێكۆشان و خەباتی ئەو زاتە گەورەیە لەبەرچاو وەربگرین و لەسەر خەبات و تێكۆشانی ئەو بەردەوام بین، چونكە هەموو ژیانی خۆی قوربانی میللەتەكەی خۆی كردووە، كەسێك كە هەموو ژیانی خۆی قوربانی میللەتەكەی بكات، نامرێت و لە دڵی گەلەكەی هەر زیندوو دەمێنێت.
تاكە بزاوی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان ڕێبازی پارتی و بارزانییە، كە ئەمڕۆش درێژەی هەیە و درێژە پێدەری ئەو ڕێبازەش سەرۆك بارزانییە، هەموو ئەوانەشی سەردانی مەزاری نەمران دەكەن، باس لەوە دەكەن كە یەك دەست دەبن و لەسەر رێبازی بارزانی نەمر بەردەوام دەبن و پشتەوانی سەرۆك بارزانی دەبن تا بە ئاواتەكانی خۆیان دەگەن.
لە ساڵیادی كۆچی دوایی بارزانی نەمر دەبێ بەردەوام بین لە خەبات و تێكۆشان لەسەر بنەماكانی رێبازی پیرۆزی و رێنمایەكانی سەرۆك بارزانی بۆ دابینكردنی مافە رەواكانی میللەتەكەمان و بەگیانێكی لە خۆبوردەی و یەك هەڵوێست و تەبایی رووبەرووی پڵانی نەیاران ببینەوە، بۆیە بەڵێن دووپات دەكەینەوە هەمیشە قوتابی و درێژەپێدەری رێبازی پیرۆزی بارزانی بین و لە خەبات و تێكۆشان بۆ گەیشتن بە مافە سروشتی و رەواكانی گەلی كوردستان بەردەوام بین.
سڵاو لە گیانی پاكی بارزانی نەمر و كاكە ئیدریسی هەردەم لە یاد و سەرجەم شەهیدانی رێگای بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان”.