زاری كرمانجی-سۆران
نووسینگەی مونا قەهوەچی سكرتێری پەرلەمانی كوردستان، ئەمڕۆ 14-3-2023 بڵاوی كردووەتەوە ” دوای بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆكایەتی پەرلەمان و حزب و لایەنە سیاسیەكانی پێكهاتەكان، پەیوەست بە هەمواری یاسای هەڵبژاردن و پرسی كورسی كۆتای پێكهاتەكان بەسەركەوتوویی، بۆ هەموو لایەك روون بوەوە كە پێكهاتەكان لە روانگەی راشكاوی خۆیانەوە چیان دەوێت و چۆن دەیانەوێ بەشداری هەڵبژاردن و پرۆسەی سیاسی بكەن”.
ئەوەش خراوەتەڕوو: ” ئەوەی سەیرە لە بری پشتگیری كردنی پێكهاتەكان ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان. كۆمەڵێك قسەی چەواشەكاری رێز كردوە و بەم رێگەیەوە دەیانەوێ ڕای فەرمی و داواكاری پێكهاتەكان لە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بشارنەوە و چەواشەكاری و قسەی بێ بنەما بڵاو دەكەنەوە، لێرەوە هەموو ئەو قسانە رەتدەكەینەوە و هیچ ئەسڵ و ئەساسێكی نییە و هیچ بەهایەكی لای سكرتێری پەرلەمان و پێكهاتەكان نییە.

































































