مەغدید خالید گەرەوەیی
مەحموود سەنگاوی لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبووەتەوە، لەوەڵامی پێشكێشكارەكە بەبێڕێزییەوە دەڵێت مەسروور خراپترین سەرۆكی حكومەت بووە لە مێژووی هەرێمی كوردستان، پێوەرەكەشی ئەوەیە گوایە سەرۆك وەزیران نەیتوانیووە هاوسەنگی پەیوەندییەكان لەگەڵ یەكێتی و لەگەڵ بەغداش رابگرێت.
باشكردنی پەیوەندی بەپێوەری مەحموود سەنگاوی چییە؟ ئایا رێگەدان بەوەی بەغدا دەست بەسەر داهاتی هەرێمی كوردستاندا بگرێت و مووچەو بژێوی خەڵك وەك كارتی سیاسی بەكاربهێنێت ئەمە باشتركردنی پەیوەندییە، دواتر بۆچی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان بەغدا باش نین، كاك مەسروور بارزانی خۆی چەندینجار سەردانی بەغدای كردووە شاندی جیاوازی حكومەت چوونەتە بەغدا، هەرێمی كوردستان ئامادەیی پشتگیری حكومەتی سودانی دەربڕیووە، بەڵام ئەوە بەغدایە نایەوێت پەیوەندی باشێ هەبێت و كێشەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان چارەسەر بكات، ئێستا كە حكومەتی عێراق سەرقاڵی دانانی بودجەیە چەندین جار شاندی هەرێمی كوردستان چوونەتە بەغدا، بەڵام نیەتێكی باش لە حكومەتی ناوەندی نییە بۆ داننان بەمافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان و بەدوای پاساوێك دەگەڕین بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستان برسی بكەن.
مەحموود سەنگاوی دەیەوێت سەرۆكی حكومەت چی بكات؟ رێگەی بدات ئەو قاجاخچییەتی بكات، یان وەك ئەوەی ئەوان لە 16ی ئۆكتۆبەر كردیان كوردستان بداتە دەست بەغدا، ئەمە باشتركردنی پەیوەندییە؟ فرۆشتنی خاكی كوردستان و ماچكردنی شانی سەركردەكانی حەشدی شەعبی باشتركردنی پەیوەندییە؟ ئەگەر ئەمە پێوەرەكانی مەحموود سەنگاوی بێت راستە كاك مەسروور ناتوانێت پەیوەندی بەو شێوەی باش بكات و خاكی كوردستان بفرۆشێتە حەشدی شەعبی و تەنازوول لە مافە نەتەوەییەكانی كوردستانیان بكات.
لەبارەی پەیوەندی حكومەتیش لەگەڵ یەكێتی مەحموود سەنگاوی دەیەوێت كاك مەسروور چی بكات؟ رێگە بدات بەشێكی سەركردەكانی یەكێتی پارەی دەروازەكان بدزن و بانكەكان تاڵان بكەن و خەریكی قاچاخچییەتی بن؟ كاك مەسروور پارە بۆ پرۆژەكانی سلێمانی تەرخان بكات و یەكێتی پارەكە ببات و پرۆژەكان بووەستن؟ هەموو داهاتی سلێمانی بچێتە گیرفانی چەند كەسێك و داهاتی هەولێر و دهۆكیش بدرێتە سلێمانی؟ ئەوەی یەكێتی دەیەوێت ئەوەیە لە حكومەت، ئەگەر باشكردنی پەیوەندی حكومەت لەگەڵ یەكێتی بەو تاڵانییە بكرێت، ئەو پەیوەندییە هەر نەبێت باشترە.
چەند بەرپرسێكی دژە تیرۆری یەكێتی بێن لەهەولێر كردەوەی تیرۆریستی بكەن و یەكێتی داڵدەیان بدات و بڵێت تەسلیمی دادگەیان ناكەین، ئایا رەوایە كاك مەسروور چاوپۆشی لەوە بكات؟ ئەوەی كاك مەسروور داوای دەكات سەروەربوونی یاساو پاراستنی ئەمنییەتی خەڵكی كوردستانە، بەڵام یەكێتی دەیەوێت كەسانی بكوژ و لەیاسا هەڵاتوو داڵدە بدات و بێت لە هەولێر تیرۆر بكات و كاك مەسرووریش بێ دەنگ سەیریان بكات، ئەمەش هەركەسێك بیكات خراپترین مامەڵە دەبێت و دوورە لە دەوڵەتداری، لەراستیدا كاك مەسروور پیاوێكی دەوڵەتمەدارە ئەو نایەوێت پەیوەندی لەسەر حسابی لاوازكردنی كابینەكەی خۆی دروست بكات، نایەوێت بۆ رازیكردنی دڵی ئەو حیزب و ئەو گرووپ چاوپۆشی لە تێكچوونی باری ئەمنی كوردستان و دروستبوونی مەترسی بۆ سەر گیانی هاونیشتمانیان بكات.
مێژوو ئەو شێوازی كاردكردن و ئەدای بەڕێوەبردنەی كاك مەسروور بارزانی دەنووسێتەوە، لە چەند ساڵی داهاتووشدا بەرهەمی ئەو ئیدارەدانە باشەو ئەو چاكسازیانەی كابینەكەی كاك مەسروور بارزانی دەبینین.