زاری كرمانجی – سۆران:
بەرێوەبەرایەتییەكانی كشتوكاڵ لە ئیدارەی سۆران گلەیی لە كەمی مینحەكەیان دەكەن و داواكارن بۆیان زیاتر بكرێت تا بتوانن كارەكانیان باشتر رایی بكەن.
پەیام دڵدار، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی ڕواندز باس لەوە دەكات لە 2014 تا 2022 تەنیا 200 هەزار دیناریان پێدراوە و دەڵێ: لەكاتی قەیرانی دارایی لە ساڵی 2014 تا 2022، تەنیا 200 هەزار دینار خەرج كراوە.
دوایی كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی ئیدارەی سۆران، رەوشی بەرێوەبەرایەتییەكانی كشتوكاڵ كەمێك باشتر بووە هەروەكو بەرێوەبەرەكان هێمای بۆ دەكەن، پەیام دەڵێ: لەوەتەی بەرێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی ئیدارەی سۆران كراوەتەوە، ئەوە دوو مانگە بڕی 200 هەزار دینارمان پێ دەدەن، لەو بڕە پارەیەش 150 هەزار بۆ بەنزین و گازە و 50 هەزاریش بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی تری بەڕێوەبەرایەتییەكەیە.
سلێمان عەوڵا محەممەد بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی چۆمان باس لەوە دەكات تەواوی فەرمانگەكانی كشتوكاڵ لەسەر یەك سیستەم دەڕۆن و هەموو بەرێوەبەرایتیەكانی ئیدارە هەمان گرفتیان هەیە و ئەوەش دەڵێ: ئێمەش بڕی 250 هەزار دینارمان بۆ خەرج دەكرێت، ئەویش نازانین لە بە بەنزین و گاز سەرف بكەین یان بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی تر، ئومێد هەیە ڕەوشی بەڕێوەبەرایەتییەكان باشتر بێت دوای كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی سۆران.”
بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی مێرگەسۆر ئەویش وەكو چۆمان مینحەی مانگانەیان 250 هەزار دینارە، بەڕێوەبەری ئەو بەڕێوەبەرایەتییە بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند”بەو بڕە پارەیە بەڕێوەبەرایەتییەكی ئاوا گەورە ناچێت بەڕێوە.
محەممەد ڕەشید مەلا، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی مێرگەسۆر ئەوە ناشارێتەوە كە لە كاتی قەیرانی داراییدا مانگانە 100 هەزار دیناریان بۆ خەرجكراوە، بەڵام لە ئێستادا داواكارە مینحەكەیان بۆ زیاتر بكرێت بۆ ئەوەی بتوانن كارەكانیان باشتر بكەن، ئەوەش دەڵێ:”ساڵی ڕابردوو ئۆتۆمبێلەكەمان لە كار كەوت و ملیۆنێك و 600 هەزار دینارم لێ سەرف كرد، كەچی تا ئێستا پارەكەیان نەداومەتەوە”.
محەممەد هیواخوازە ئاوڕێكی جددی بدرێتەوە لە بەرێوەبەرایەتییەكانی كشتوكاڵ بۆ ئەوەی بتوانن باشتر كار بكەن.