شەهلا رەشید- سۆران
قسەكردن و بیستنی یەكەم وشە لە زمانی منداڵانەوە یەكێكە لە شیرینترین و گرنگترین رووداوەكانی ژیانی هەموو دایك و باوكێك، هەر لەبەر ئەم هۆكارە كاتێك دایك و باوك پێیان وایە دەبێت منداڵەكە وردە وردە قسە بكات، هانی دەدەن بۆ دووبارەكردنەوەی وشەی سادە، هەروەها جگە لە جۆش و خرۆشی دایك و باوك، نابێ ئەوەمان لەبیر بچێت كە قسەكردن و گەشەكردنی تواناكانی كاریگەری لەسەر لایەنەكانی تری گەشەكردنی منداڵیش هەیە.
د. محەمەد حەسەن، پسپۆڕ لە نەخۆشییەكانی منداڵان و گەشەی منداڵان، لەمبارەوە چەند رێنماییەك ئاراستەی دایكان و باوكان دەكات و بە زاری كرمانجی راگەیاند” بۆ ئەوەی منداڵ قسە بكات، پێویستە دایكان و باوكان ئەم خاڵانەی خوارەوە جێبەجێ بكەن.
- دەبێ یارمەتی منداڵ بدرێت و پێویستە لە خوار تەمەنی دوو ساڵی بە هیچ شێوەیەك سەیری شاشە نەكات.
- پێویستە راهێنان بە مێشكی منداڵ بكرێت لە رێگەی خوێندنەوەی چیڕۆكی سادە بەبێ لێ پرسینەوە شەوانە بۆماوەی دە خولەك كەمتریان زیاتر بەپێی تەمەنی منداڵەكە.
- پرسیاركردن لە منداڵ دەربارەی كەل و پەل یان هەر شتێكی دیكە كە سادەبێ و لەگەڵ مێشكی منداڵەكە گونجاو بێت.
- تێكەڵكردنی منداڵ لەگەڵ منداڵانی تر یاخود دەورووبەر.
-پەستان نەخستنە سەر منداڵ بۆ ئەوەی وای لێنەكرێ هەموو هەڵس وكەوتەكانی بە ئارەزووی گەورەكان بێت، بەڵكو پێویستە منداڵ ئازاد بكرێت.
- توڕەنەبوون لە منداڵ، پێویستە دایك و باوك زۆر بە نەرمونیانی هەڵسوكەوت لەگەڵ منداڵ بكەن .
-دەربڕینی خۆشەویستی و لەباوەشگرتن سوودی زۆری هەیە بۆ ئەوەی یارمەتی مێشكی منداڵەكە بدات و كراوە بێت.