شەهلا رەشید- سۆران
ئەم ساڵ چەندین نەخۆش رەوانەی نەخۆشخانەكانی هەولێر كراون، بەهۆی نەبوونی هەندێ بەش و پێداویستی پزیشكی لە ئیدارەی سۆران.
لای خۆیەوە د. كامەران مەلا محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سۆران، بۆ زاری كرمانجی دەڵێت” لە تەندروستی سۆران نزیكەی دوانزدە پزیشكی ئێسك و شكان و پێنج پزیشكی مێشك و دەمارمان هەیە، 80%ی ئەوانەی كە رەوانەی هەولێر دەكرێن دوو كێشەی سەرەكین یەك لەوانە ئێسك و شكان، ئەوەی دیكەشییان مێشك و دەمارەكانە، ئەگەر باسی ئێسك و شكان بكەین ئەوا كێشەی نەبوونی نەشتەرگەری و پلاتینمان هەیە، بەڵام دەرخستەمان ئامادەكردووە، هەموو بەرنامەكانمان رێكخستووە تەنها چاوەڕێی ئەوە دەكەین بودجەی ساڵانە بۆ پێداویستییەكان و دەرمانەكان بنێردرێن، لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەم كێشەیە چارەسەر دەكەین، جگە لەمەش چارەسەركردنی كێشەی مێشك و دەمارە، كە بۆ ئەم بەشەش ئامێر و سێتییان نییە بۆ نەشتەرگەرییەكان، ئەویش بە هەمان شێوە لە ئایندەی نزیكدا چارەسەری دەكەین، بۆ ئەوەی هاووڵاتیانمان زیاتر سوودمەند ببن.
گووتیشی” ئەوەی دەمێنێتەوە و پێویستە چارەسەری بكەین، بەشی چاودێری چڕ و چاودێری هەناسەدانە، هەموو ئامێر و پێداویستییەكان و ئەمبوڵانسیشمان دابین كردووە، تەنها دەمانەوێت دوانزدە كەسی شارەزا لەم پسپۆڕە رەوانەی هەولێر بكەین بۆ بینینی خول كە ماوەی دوو مانگ لەوێ بمێننەوە و دەوام بكەن، دواتر ئەم بەشەش دەستبەكار دەبێت.
ئاشكراشی كرد” ئەو كێشانەی ئێستا باسییان دەكەین، پێویستە لەسەرەتای دامەزراندنی نەخۆشخانەی ئاشتی چارەسەركرابان، چونكە ئێستا زۆر درەنگە و ئەمە كێشەیەك نییە كە نوێیە بەڵكو پێشتر هەبووە و كەس چارەسەری بنەڕەتی نەكردووە، هەموو هەوڵێك دەخەینەگەر بۆ چارەسەركردنی كەموكورتییەكان، ئامانجمان ئاسانكاری و خزمەتكردنی زیاترە بە هاووڵاتییان.