مەغدید خالید گەرەوەیی:
گۆڕانکاری لە هەموو بوارەکانی ژیان و دەستەو دامەزراوەکان نیشانەی باوەڕبوونە بە پرۆسەی دیموکراسی و هاتنەپێشەوەی وزە، توانای نوێ و جیاواز، بەتایبەت ئەو دامەزراوانەی کێشە لەبەڕێوەبردنیاندا هەیەو پێویستیان بە گۆڕانکاری هەیە، ئەو گۆڕانکارییانە بۆ ئەوەن دامەزراوەکان باشتر و بەهێزتر بێنەوە مەیدان و کێشەکانیان لە رەگەوە چارەسەر ببن، ئەگەر گۆڕین لە بوارەکانی ژیان پێویستی بێت، بۆ دامەزراوە وەرزشییەکان پێویستترە، بۆ نموونە ساڵانە لە خولە گەورەکانی جیهاندا یانەکان لەکاتی هەبوونی کێشە گۆڕانکاری لە ستافی یانەکە یان راهێنەر و یاریزانان دەکەن، زۆربەی جاریش دوای ئەو گۆڕینانە ئاست و توانای دامەزراوە وەرزشییەکە یان یانەکە باشتر دەبێت و بەرەو پێشەوە دەچێت، ئەم نموونەی گۆڕانکارییە بۆ وەرزشی هەرێمی کوردستانیش دروستە، بەتایبەت لەکاتێکدا کە حکومەت دەیەوێت وەرزش جێی بایەخ بیت و گرنگی پێبدەدات.
ساڵانێک بوو لە هەرێمی کوردستان، نیگەرانی زۆر لەبارەی شێوازی کارکردنی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان هەبوو، دواجار ئەو نیگەرانیانە وایانکرد، یەکێتی تۆپی پیی کوردستان چەند گۆڕانکارییەک ئەنجام بدات و دەستەیەکی نوێ بۆ بەرێوەبردنی ئەو یەکێتییە دیاری کران، ئەو گۆڕانکارییانە سەرەتا جێی ئومێدی وەرزشوانان و وەرزشدۆستانی کوردستان بوو، هەموومان بەو هیوایەبووین تۆپی پێی کوردستان سەقامگیریی بەخۆیەوە ببینێت و هەموو یانەکان بەیەک چاو سەیربکرێن و دادپەروەرانە پاڵپشتیان بکرێت، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە دیسان خەریکە ناوەندی وەرزشی کوردستان بەتایبەت یانەکان بی ئومێد دەبن و نیگەرانی زۆر لەسەر شێوازی کارکردنی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان هەیە، ئەگەر سەرنج لە خولی پلە یەکی تۆپی پێی کوردستان بدەین، کە ئەم وەرزە بە بەشداری 19 یانە بەردەوامی هەیە، ئەوەی لای یانەکان و جەماوەری وەرزشیش تائێستا روون نییە نازانن چەند یانە دادەبەزن بۆ ریزی خولی پلە دووەکان لە کاتێکدا بڕیارە 3 یانە دابەزن، ئێستا هەر دوو یانەی گارە و یانەی برادۆست کشاونەتەوە کەچی هێشتا یەکێتی تۆپی پێی کوردستان دڵنیایی نەداوەتە یانەکان ئاخۆ چەند یانەی دیکە دادەبەزن، ئایا تەنیا یەک یانەی دیکە دادەبەزێت یان کشانەوەی ئەم دوو یانەیە وەک دابەزین هەژمار ناکرێت 3 یانەی دوا ڕیزبەندی خولەکە دادەبەزن، دەبووایە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان لە بەرێوەبردنی خولەکاندا سوودی لە یاساو رێنماییە نیودەوڵەتییەکان وەربگرتبایە، خشتەو نەخشەیەکی روونی هەبوایە بۆ ریزبەندی خولەکە و شێوازی سەرکەوتن و دابەزاندنی یانەکان بۆ ئاستە جیاوازەکان، ئەمە بابەتێکی روونە، کە لە جیهان هەموو کشانەوەیەک بە دابەزین هەژمار دەکرێت. یانەیەک لە خولەکە بەهەر هۆکارێک بکشێتەوە خۆویستانە یان بەهۆی سزای یەکێتی تۆپی پێ وەک دابەزین بۆ ئاستی دیکە دادەنرێت، ئینجا ئەم یاسایە بۆ یانەکانی کوردستان و خولەکانی کوردستانیش دروستەو جیاوازی نییە، بۆ دەبێت یەکێتی تۆپی پێی کوردستان کارەکان هێندە سەخت بکات و بڕیاری دروست و یەکلایی کەرەوە نەدات، بەتایبەت لەکاتی هەبوونی کێشەو تەنگەژەکاندا، ئەم شێوازی کارکردن و مامەڵەکردنە لەگەڵ یانەکان ویست و خواستی بەرەوپێشچوون تووشی کێشە دەکات و یانەکان سارد دەکاتەوە لە پێشکێشکردنی ئاستی باش و یاریی خاوێن.
بۆیە دەبێت یەکێتی تۆپی پێی کوردستان، بۆ داهاتوو بە پلانێکی باشتر خولەکان بەرێوە ببات و لەئاست بەرپرسیاریەتی خۆیدا بێت، ئەمەش ئاسانە و تەنیا بە راوێژکردن بە کەسانی شارەزا و پەیڕەوکردنی رێنمایی و یاسا جیهانییەکانی تۆپی پێ و گونجاندنیان لەگەڵ خولەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و نیگەرانی وەزرشوانان و یانەکان و جەماوەری وەرزشی هەرێمی کوردستان کەمدەکاتەوە. دابەزاندن و سەرخستنی یانەیەک لە خولی کوردستان نابێت ئاڵنگاری گەورە بێت بۆ یەکێتی تۆپی پیی کوردستان، بەڵکو زیاتر بەرەو پێشبردنی خولەکان و ئاستی وەرزشی هەرێمی کوردستانە، کە بەداخەوە هێشتا لەئاست خواستی وەرزشوانان و وەرزشدۆستان نییە.