بەڕێوەبەری ناحیە: لە دژی هەموو زێدەڕۆیی و سەرپێچییەك دەوەستینەوە
هەژار ئەنوەر – خەلیفان:
چین و توێژەكانی ناحیەی خەلیفانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە بارەی دەستدرێژی كردن بۆ سەر موڵكی گشتی و شێواندنی سیمای شار، لە رێگەی زاری كرمانجی نیگەرانی دەردەبڕن و دەڵێن، گەر بمانەوێت سیمای شارستانیەت بۆ شار و وڵاتمان بگەڕێنینەوە، ئەوا پێویستە دەستهەڵبگرین لە داگیركردن و زێدەڕۆییەكانی سەر موڵكی گشتی.
هێمن ئازاد، گەنجێكی دانیشتووی ناحیەی خەلیفان، لەبارەی سەرپێچی و زێدەڕۆییەكانی سەر موڵكی گشتی و شەقامەكان، بۆ زاری كرمانجی گووتی:” ئەو زێدەڕۆییانەی لەسەر شەقامی گشتی شارۆچكەكەمان كراوە لەلایەن هاووڵاتییانەوە، تا بڵێی كارێكی ناشرین و قێزەونە و سیمای شار و شەقامی تێكداوە، ئەوە جگە لەوەی جارێكیان بەچاوی خۆمەوە بینم كە فێرخوازانی بنەڕەتی لەسەر شۆستە دەڕۆیشتن دواتر لەبەر تەسكردنەوە و دروستكردنی رەمپەی بەردەم ماڵێك فێرخوازەكان لایاندا و چوونە سەر شەقامی سەرەكی ئۆتۆمبێل بۆ ئەوەی بگەن بەشوێنی مەبەست، ئەمەش مەترسی لەسەر ژیانی فێرخوازەكان دروست دەكات بەوەی خوانەخواستە ئۆتۆمێبیلێك خۆیان پێدابكێشیت، بۆیە داواكارم لایەنی پەیوەندیدار سنوورێك بۆ ئەم سەرپێچی و زیادەڕۆییانە دابنێن و چارەسەرێكی گونجاو بدۆزنەوە”.
هۆگر حاجی، دانیشتووی خەلیفان، لەسەر هەمان پرس، بە زاری كرمانجی گووت:” بەداخەوە رۆژانە دەبینین لە بازار و كۆڵان و شەقام و رێگەكان، ئاستەنگ دروست دەكرێ بۆ هاتووچۆی مرۆڤەكان بەمەش گوناه و تاوانە ئەو كەسەی بۆتە هۆكاری ئەو ئاستەنگییە، ئێمەی موسڵمانان دەبێ زیاتر هەست بە بەرپرسیارێتی بكەین بەرامبەر بە ژینگە و شوێنە گشتییەكان و سروشت و ڕێگا و شەقامە سەرەكییەكان..هتد، بێ ئەوەی لایەنی پەیوەندیدار رووبەرووی سزایی یاساییمان بكەنەوە، دەبێت ئاگاداری سزایی ڕۆژی دوایش بین، چونكە دیاردەی زیادەڕۆیی بۆ سەر موڵكی گشتی و ئەزیەت دانی خەڵكی، لە ئاینی ئیسلامیش بە كارێكی هەڵە و تاوان ئەژمار كراوە .
رەشید شێرزاد دانیشتووی شارۆچكەی خەلیفان، لەبارەی زێدەڕۆیی لەسەر ژینگە و ئەوانەی پاشماوەی خۆڵ و خاشاك فڕێدەدەنە سەر شوێنە گشتییەكان و لەسەر بوونی ئاژەڵی ماڵی لە كۆڵان و شەقامی سەركی و شوێنە گەشتیارییەكان، گووتی:” بەهۆی بەشێكی ناهۆشیاری تاكەكان و خۆ بەخاوەن نەزانینی دانیشتوانی شارەكە و هەست بە بەرپرسیارێتی نەكردن بەرامبەر بە ژینگە و شوێنە گشتییەكان وە لەلایەكی ترەوە نەبوونی لێژنەی بەدواداچوون و لێپێچینەوە لەو سەرپێچیكارانە وایكردووە ئەم دیاردەیە ناشرینە بوونی هەبێت و بەردەوام بێت”.
ئەحمەد ئیبراهیم بەرپرسی كتێبخانەی گشتی خەلیفانە، لەم بارەیەوە گووتی:” ئەوەی ئێمە تێبینی دەكەین ئەو دەستدرێژیكردنە سەر موڵكی گشتی لەلایەك سیمای شاری ناشرین كردووە وە لەلایەكی ترەوە خەلیفان ڕێگای سەرەكی هامڵتۆنە و دەروازەی سەرەكی و گەورەترینی عێراقە بۆ ناوچە گەستیارییەكان، كە چەندین ناوچەو شوێنی گەشتیاری بەسەر ئەم ڕێگایەوەیە بۆیە ناكرێت بەم شێوەیە سیمای شار ناشرین بكرێت و سەرپێچی بكرێتە سەر شوێنە گشتییەكان”.
لای خۆیەوە، تارق ئیبراهیم سەرۆكی شارەوانی خەلیفان، لەبارەی دەستدرێژیكردنە سەر موڵكی گشتی و تێكدانی ژینگە و سیمای شارستانییەت، بە زاری كرمانجی گووت: ” بەڵێ ئێمە نایشارینەوە كە دەستدرێژی كراوەتە سەر موڵكی گشتی و بەتایبەت شۆستەكان و ژینگە و سروشتی شوێنە گشتییەكانی شارەكەمان، بەڵام پێشتر ئەم دەستدرێژیانە زۆرتربوون و ئێمە وەكو شارەوانی و بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار بەردەوام كارمان لەسەر ئەم بابەتە كردووە لەهەوڵی چارەسەرێكی گونجاو بووینە و بەردەوامیش دەبین بۆ چارەسەرێكی گونجاو بۆ سەرجەم ئاریشەكان، وە بەشێكی زێدەڕۆییەكانی سەر موڵكی گشتیمان چارەسەر كردووە وەكو فڕێدانی پاشماوەی خۆڵ و خاشاك لەسەر ڕێگای سەرەكییەكان و شوێنە گشتییەكان خۆشبەختانە تا رادەیەك كۆنتڕۆڵمان كردووە و شوێنەكانمان خاوێن كردۆتەوە و ئەو كەسانەشمان ئاگادار كردۆتەوە كەوا دووبارە پاشماوەكانیان فڕێنەدەنە ئەو شوێنانە ئەگینا رووبەرووی سزایی یاسایان دەكەینەوە.
سەرۆكی شارەوانی خەلیفان، گووتیشی:” ڕاستە زێدەڕۆیی و سەرپێچی لەسەر موڵكی گشتی هەیە، بەڵام نەبوونی پۆلیسی شارەوانی و كەمی پێداویستی تایبەت بە رووبەرووبوونەوەی سەرپێچی و زێدەڕۆییەكان هەروەها كەمی میلاك لە فەرمانگەكەمان هۆكارن بۆ ئەوەی زێدەڕۆییەكان و سەرپێچییەكان بنبڕنەكرێن و هەر بمێنن، وە ئێمە وەكو شارەوانی چەندین جار سەرووی خۆمان ئاگادار كردۆتەوە و داوامان كردووە كەوا پێداویستییەكانمان بۆ دەستبەر بكەن بەڵام بەداخەوە تاكو ئێستا دەستبەر نەكراون، بۆیە هەر كاتێك ئەم پێداویستیانەمان بۆ دەستەبەر كرا كارەكانی ئێمە خێراتر دەبن و دەستكراوەتر دەبین لە ڕووبەڕووبوونەوەی زێدەڕۆیی و سەرپێچییەكانی سەر موڵكی گشتی لە دەڤەرەكەمان”.
لای خۆیەوە، مەغدید عەریف ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفان، لەبارەی ئەم پرسەوە بۆ زاری كرمانجی گووتی ” خەلیفان بەو شێوازەی كە دروست بووە چەندین ساڵە ڕەنگە سەرپێچی لێرەو لەوێ بوونی هەبێت، هەر لەوكاتەی كە دەستبەكاربووم كارمان كردووە لەسەر ئەم پرسە و بەردەوامیش دەبین وە لە دژی هەموو زێدەڕۆیی و سەرپێچییەك دەوەستینەوە كە دەكرێتە سەر موڵكی گشتی و سیمای شار دەشێوێنێت، لە قۆناغی یەكەم لێژنەیەكمان پێكهێناوە دروستمانكردووە و پێكهاتووە لە نوێنەری شارەوانی و ناحیە و بەسەرپەرشتی ئەفسەرێك، كە بەدواداچوون بۆ زێدەڕۆیی و دەستدرێژیكردنە سەر موڵكی گشتی و زێدەڕۆییەكان دەكات، وە چەندین زێدەڕۆیی و سەرپێچییشمان چارەسەر كردووە، وەكو كێشانەوەی كەلوپەلی دووكاندارەكان كە زێدەڕۆییان كردبۆوە سەر شۆستەكان كە هاوڵاتیان نەیاندەتوانی بەئاسانی هاتووچۆ لەسەر شۆستە بكەن لەبەر كەلوپەلەكانی دووكاندارەكان، وە ئەو میوە فرۆشانەی گەرۆك كە بە پیكاب سەوزە و میوەیان دەفرۆشت لەسەر شۆستە و شەقامە سەرەكییەكان، شوێنی تایبەتمان بۆ دەستنیشان كردوون و دوورمان خستونەتەوە لەسەنتەری شار بۆ ئەوەی سیمای شار بەجوانی بمینێتەوە.
بەڕێوەبەری ناحیە زیاتر گووتی ” ئەو دووكانانەیی كە گونجاو نیین لەنێو سەنتەری شاردا هەبن دەیانگوازینەوە بۆ شوێنی تایبەت بەپیشەكەیان وەكو ناوچەی پیشەسازی بەنموونە، لە قۆناغی دووەم و داهاتوو بەدواداچوون بۆ زێدەڕۆیی و دەستدرێژییەكانی تر دەكەین و هەوڵدەدەین میكانیزمێكی گونجاو بدۆزینەوە و چارەسەر و بنبڕیان بكەین.