دیمانە-شەهلا رەشید
بەرپرسی بنكەی تەندروستی هەرێم، دەڵێت: ” سنووری بنكەكەمان فرەوانەو بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سۆرانیش، كاتێ كە سەردانی بنكەكەمانی كرد بەڵێنی ئەوەی داوە كە ئەوەی لە توانیادا هەبێ بۆ بنكەكەمان بكات و كەموكورتییەكانمان چارەسەر بكات.
رازیە ساڵح، بەرپرسی بنكەی تەندروستی هەرێم سەربە بەڕێوەبەرایەتی تەندرووستی سۆران، لە دیمانەیەكی زاری كرمانجی دا گووتی” ئەم بنكەیە یەكێكە لە بنكە سەرەكییەكانی شاری سۆران، هەروەها رووبەرەكەی گەورەترە لە بنكەكانی دیكە، لەساڵی 2018 وەك بەرپرس لەم بنكەیە دەست بەكاربوومە، خەڵكێكی زۆر لە هەر پێنج قەزاكانی ئیدارەی سۆران و تەنانەت سنووری شەقڵاوەش رووی تێدەكەن، مانگانە نزیكەی 1172 نەخۆش سەردانمان دەكەن، ساڵانە نزیكەی 19 هەزار نەخۆش سەردانی ئەم بنكەیە دەكەن.
ئەوەشی خستەڕوو” هیچ كارێكی نوێمان نەكردووە لە ئێستادا، تەنها ساڵی 2022 بەشێكمان كردەوە بۆ چاودێری پەككەوتەكان، كە هەموو چارسەركردنێ بۆیان بێ بەرامبەر بوو، ئەو كاتیش خەڵكێكی زۆر سەردانیان كردین، كە نزیكەی یەك ساڵ بوو د. میدیا و د. مهاباد زۆر یارمەتیدەرمان بوون، بۆ ئەمساڵیش پێشنیارمان كردبوو چەند پزیشكێكی پێست و ئافرەتان و سۆنەریش بە هاوكاری د. كامەران مەلا، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ئیدارەی سۆران و د. كاروان جەمال، بەڕێوەبەری تەندروستی سۆران، بوومان دابین بكرێن، ئەوانیش بەڵنیانداوە كە هاوكارمان بن، هۆكاری ئەم پێشنیارەشمان ئەوەیە كە خەڵك زیاتر لەم بنكەیە سوودمەند بن، تایبەت ئەوانەی كە لێی نزیكن، هەر لەسەر ئەم بابەتانەش خودی بەڕێوەبەری گشتی تەندرووستی سۆران، لە نزیكەوە سەردانیان كردین و بەڵێنیان داوە ئەوەی لە دAەسەڵاتیدا بێت و پێی بكرێت زیاتر ئەم بنكەیە بەرفراوانتر بكات، لەبەر ئەوەی بنكەكەمان زۆر فراوانە و دوو نهۆمە كەواتە دەتوانین خزمەتی زیاتر پێشكەش بە هاووڵاتییان بكەین و ئەو نەخۆشخانەی كە ناشتوانن سەردانمان بكەن ئەوا خۆمان سەردانیان دەكەین و لە نزیكەوە ئاگاداریان دەبین.
هەروەها ئاشكراشی كرد” بە دڵنیاییەوە كەموكورتیشمان هەیە لەوانەش ئامێر بۆ بەشی تاقیگە، نەبوونی كورسی بۆ بەشی ددان، چونكە ئەوەی هەمانە تێكچووە، بۆیە ئەگەر ئەو كورسییەمان هەبێت دەتوانین بێ بەرامبەر ددانی سەردانیكەران چارەسەر و پڕ بكەینەوە، كە ئەمەش زۆر گرنگە، بۆ ماوەی ساڵە ئامێری تیشكمان تێكچووە، بەڵام بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ئیدارەی سۆران، كاتێ كە سەردانی بنكەكەمانی كرد بەڵێنی ئەوەی داوە كە ئەوەی لە توانادا هەبێ بۆ بنكەكەمان بكات و كەموكورتییەكان چارەسەر بكات.