مههدى محهممهد – زاری كرمانجی :
وڵاتی بەلجیكاش هاتە رێزی ئەو وڵاتانەی بڕیاری قەدەخەكردنی تیك تۆك یان داوە، سەرۆك وەزیرانی بەلجیكا تیك تۆك بە مەترسییەكی گەورە بۆ سەر ئاسایسی نەتەوەییان ناوی دەبات و ڕایدەگەیەنێت كە ڕێگە بە فەرمانبەرانی حكومەتی بەلجیكا نادرێت لەئێستا بەدواوە ئەپی تیك تۆك لە مۆبایلەكانیاندا بەكاربهێنن.
ئەلكسەندەر دی كرۆ، سەرۆك وەزیرانی بەلجیكا دەڵێ: “ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی بەلجیكا هۆشداریی دەدات لە مەترسییەكانی پەیوەست بەو بڕە زۆرە زانیارییەی تیك تۆك كۆیدەكاتەوە كە لەلایەن كۆمپانیای بایت دانسی چینییەوە خاوەنداری دەكرێت، بەو پێیەی كۆمپانیاكە پابەندە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای هەواڵگری چینی.”
سەرۆك وەزیرانی بەلجیكا ئەوەش دەڵێ: “ئەو كارە وادەكات ڕێگە لە بەكارهێنانی تیك تۆك بگیرێت لەو مۆبایلانەی حكومەت فەراهەمیان دەكات. دەبێت سەلامەتی زانیارییەكانمان بپارێزێن.”
هاوكات مانگی رابردوو پەرلەمانی ئەوروپا و كۆمسیۆنی ئەوروپایی، بەكارهێنانی تیك تۆكیان لە مۆبایلی فەرمانبەرانیدا قەدەغەكرد و چەندین وڵاتی تریش بڕیاریان داوە لە ماوەیەكی نزیكدا تیك تۆك لە وڵاتەكانیان قەدەخە بكەن.