بێستون ساڵەیی
هەندێک لە حزبە سیاسیەکانی کوردستان، دەبوایە ئێستا لە قۆناغی پێشبڕکی پرۆژەسازی و دەستکەوتی بونیادنەر بوایان نەک خۆ سەرقاڵ کردن بەو ڕیتمە کلاسیکیەی کە سوود نە بە ئەزموونی بونیادنانی هەرێم دەگەیەنێت نە سوود بە گوزەرانی ڕۆژانەی خەڵک و ئایندەی کوردستان دەگەیەنێت.. ململانێ بێ سوودەکان تەنیا پشێوی و دووبەرەکی و نائارامی دێنێتە کایەوە و هەندێ جار ڕاکردنە لە واقع حاڵی ئەو حزبانە..
ئێستا لە سەردەمێکداین هەنگاونان بەرەو داهێنان و خۆسازی بۆ ئایندە زۆرخێرایە، سەردەمێکە تەکنەلوجیا خێراترە لە هەر شتێک و بەپێش کات کەوتووە، بۆیە ململانێی ئێستای هێزەکان لە جیهاندا لەسەر خێراییە لە پێشکەوتن و داهێنان و ئەفراندنی ناوازە.
کۆمەڵگە چاوی لە دەسەڵاتدارانە کە زەمینەی ئارام و سەقامگیر بێننە ئاراوە، گوزەران بە ئاسایی بەڕێوەبچێت بێ ئەوەی گفتوگۆی نێوان لایەنەکان یاخود هەڵبژاردنی نێوانیان ئارامی تێکبدات یان فۆرمی دڵنیایی و سەقامگیری بشێوێنێت..
بەداخەوە لە هەلومەرجی کوردستان هەڵبژاردنەکان هەمیشە بووەتە هۆکاری ناومێدی ، لێکترازان و ناسەقامگیری، ژیان بەجۆرێک گۆڕانکاری بەسەردا دێت زۆر جار دەبێتە جێی ترس و دڵەڕاوکێ و تێکدانی بازارو کەسابەت و لێکترازانی کۆمەڵگە، کە لە ڕاستیدا پێشبڕکێی هەڵبژاردن ئامانج لێی بۆ خۆشترکردن و باشترکردن ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگەو بۆ بەڕێوەبردنێکی باشترو بە تۆکمەتری کاروباری دەوڵەتە.
ترس لە هەڵبژاردن کاتێک ڕوو دەدات کە لایەنێک قەبارەو سەنگی خۆی لە دەست دابێت و هێزو توانای لەو ئاستەدا نەبێت ڕکابەریی پارتێکی دیکە بکات، بۆیە بەر لە وادەی هەر هەڵبژاردنێک و ئەنجامەکەی ئەو جۆرە لایەنانە دەکەونە بەندوبالووری پێش هەڵبژاردن و لە هەوڵی ئەوەدا دەبن کۆسپ یاخود پاساو بۆ زۆر بابەتی پەیوەست بە ڕێکاڕەکانی هەڵبژاردن بدۆزێنەوە، دواتر وەکو مەرجی پێشوەخت بیخەنە سەر مێزی گفتوگۆکانی پرسی هەڵبژاردن..
گرفتی گەورترە لە هەڵبژاردن ئەوەیە کە هێشتا خەڵکی کوردستان پێیان نەناوەتە ئەو قۆناغەی کە هەڵسەنگاندن و بەراوردکاریی لە بەرنامەی لایەنەکان بە دروستیی بکەن و بەپێی بەرژەوەندیان بۆ ئایندەیان دەنگ بە پارتەکان بدەن..! واتە تاک بەر لەوەی سۆز بەکار بهێنێت پێویست هۆشی بەکار بێنێت .
لە هەڵبژاردنەکانی کوردستان پرسی دەنگدان بۆ جەماوەر وەکو بابەتی “بۆماوەیی” لێهاتووە، واتە چووەتە چوارچێوەی نەریتێکەوە کە هۆزەکان، عەشیرەتەکان، بنەماڵەکان لەسەر بناغەی خۆیەکلایکردنەوەیان بۆ حزبەکان دەنگ دەدەن نەکو بەرنامەو پلانی حزب..
لێرەدایە کە دەنگدەر کێشە بۆ ئایندەی خۆی دروست دەکات، بەجۆرێک کە ئایندەیەکی باشتر و ڕوونتر دەکاتە قوربانیی هەست و سۆزی خۆی..
تاکی ڕۆشنبیریی کۆمەڵگەی پێشکەوتوو هەمیشە لە لێکۆلینەوەو لێکدانەوەی ئەو حزبانەیە کە کێ زۆرترین خزمەتی پێشکەش دەکات، بۆیە ئەو حزبەی لە لای گرنگ دەبێت کە لە گەڵ واقعی ژیان هەڵسووکەوت دەکات و پێداویستیەکانی کۆمەڵگە بۆی دەبن بە بەرنامەی کار…
لێردایە کە مرۆڤ نابێت لەسەر حسابی ژیانی خۆی و منداڵەکانی، دەنگی خۆی بخاتە کۆت و بەندی (عەیبە و شەرمەزاری) بەرامبەر بە هەست و سۆزی بەو لایەنەی کە پێیوایە گەر ئەو نەبێت ئیدی دنیای لێ حەرامە…
دەنگدەر هەمیشە دەبێ وریاتر و چاوکراوەترو بە زانیاریتر بێت لەسەر هەموو پارتەکان، ئاگاداری ئەزموون و دەستکەوت و توانا و لێهاتوویی و بەڵێنە کردەییەکانی پارتەکان بن، تاکو سەرکەوتوو بن لە هەڵبژاردنی پارتێک کە دواڕۆژی بۆ دەستەبەر بکات و ژیان و گوزەرانی بۆ ئاسانتر بکات..
گرنگە دەنگدەر پرسیار و داواکاری هەبێت کە ئاخۆ ئەی پارتەکان کامەتان دەتوانن ڕێگاوبانەکان، نەخۆشخانەکان، قوتابخانەو زانکۆکان، ڕەوشی کرێکاران و مامۆستا و قوتابیەکان لەوەی ئێستا کە هەیە باشتری بکات و دەستکەوتەکانمان بۆ زیاتر بکات؟!
هاوڵاتی کاتێک ئەم پرسیارانەی لەخۆی کرد و بە مێژووی کارو خزمەتی پارتە سیاسیەکاندا بچێتەوە ئەو کات بۆی ئاسانە، ئەو پارتە هەڵدەبژێرێ کە زیاتر خزمەتی بکات، ئەو پارتە هەڵدەبژێرێت کە دڵەڕاوکێ و تارماییەکان نەهێڵێت و ئارامی و ئاسوودەیی بە ژیانی کۆمەڵگە ببەخشێت. بۆیە تاک دەتوانێ بەسەر هەموو ئەو هەست و سۆزە کلاسیکییەی خۆی سەربکەوێت کە بزانێ چی دەوێ و کێ بە کردەیی خۆشگوزەرانی و ئارامی بۆ فەراهەم دەکات…