مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
بە هەزاران هاووڵاتیی عێراقی بە هۆی جەنگ و نا ئارامی یەوە، شارەکانی خۆیان جێهێشتووە و ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و ماوەی چەند ساڵێک دهبێت ژیان لە نێو کەمپەکان دەکەن، پێشتر حکومەتی عێراق بە بیانووی بارودۆخی ئەمنیی و خەرجنەکردنی دارایی و بابەتی لۆجستی ئاستەنگی بۆ گەڕانەوەیان دروست دهكرد، بەڵام لە ئێستادا وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئاشکرای دهكات لە ماوەیەکی نزیکدا ئاوارەکان دەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و بەشێک لە کەمپەکانیش دادەخرێن.
کەریم نوری یاریدەدەری وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بۆ ڕاگەیاندنەکانی ناوخۆ قسەی کردو باس لەوە دەکات کە هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ گێڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان و داخستنی کەمپەکان لە سەرتاسەری عێراقدا.
گوتیشی: “وەزارەتەکەمان لەگەڵ هەرێم لە پەیوەندیدایە بە ئامانجی داخستنی 25 کەمپ لە پارێزگاکانی هەرێم.”
نوری ئەوەش دەڵێ: “وەزارەت دەستی کردووە بە خەرجکردنی دارایی بە شێوەی قۆناخ بە قۆناخ و لەئێستادا گەیشتووەتە قۆناخی نۆیەمی خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە، هەروەها وەزارەت بە چەند پێوەرێک ئەو پارە خەرج دەکات.”