دێسكی وەرزشی زاری كرمانجی:
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، سۆران دەبێتە میوانی چەمچەماڵ.
لەگەڕی 21 خولی یانە نایابەكانی كوردستان، بەئامانجی ساڕێژكردنی برینی گەڕێ رابردوو یانەی سۆران دەبێتە میوانی چەمچەماڵ.
سۆران، لەم یارییە لەتوانای هەردوو بەرگریكار سامڕ محەممەد و هاوگار سەعدی بێبەش دەبێ، بەهۆی وەرگرتنی كارتی سوور لەیاریی ئارارات.
یارییەكە كاتژمێر 3 ـی دوانیوەڕۆ بەڕێوەدەچێت.
پێش رووبەڕووبوونەوەی چەمچەماڵ سۆران لەخانەی دوازدەیەمە بە 24 خاڵ.
دواین سێ یارییان بەرانبەر یەك، سۆران باڵادەستی سەپاندووە و یارییەكی بردووەتەوە، لەدوو یارییشدا یەكسانبوونە.
بۆ ئەم یارییە لەشوێنی رەفیق سەعید كە دوای یاریی ئارارات كارەكەی لەدەستدا و بووەتە راهێنەری قەڵادزێ، كۆڤان نزمی یاریدەدەری پێشووی یەكەم ئەزموون تاقیدەكاتەوە و وەك راهێنەری یانەی سۆران ئەركەكە رادەپەڕێنێت.
یەكێك لە ئەندامانی دەستەی كارگێڕی بەزاری كرمانجی گووت: “لەئەگەری سەركەوتنی كۆڤان، ئەوان هیچ شوێنگرەوەیەك بۆ رەفیق سەعید دانانێن، بەڵكو ئەو راهێنەرە كاتییەی ئێستا لەئەركەكەی بەردەوام دەبێت.”



































































