زاری كرمانجی – سۆران:
بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران، رایدەگەینێت، ئاگادار كراینەوە، لە رووداوێكی جۆری هەڵدێران لە سنووری قەزای چۆمان و توانرا بە سەلامەتی بگەیندرێتە نەخۆشخانە .
مقەدەم بەیار محێدین، گووتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی ئیدارەی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، لە چیای هەڵگۆرد لە قەزای چۆمانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، هاووڵاتیەك بە ناوی (دیڤد جۆیت)، تەمەن 55 ساڵان دانیشتووی بەریتانیایە لەگەڵ گروپێكی شاخەوانی ئەوروپی سەردانی ئەم شوێنەی كردبوو، تووشی رووداوی هەڵدێران ببوو.
گووتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی ئیدارەی سۆران، دەڵێت:” دوای ئەوەی ئاگادار كراینەوە بەسەرپەرشتی بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران و ئەفسەری ئێشكگر و ئەفسەری بنكەی بەرگری شارستانی كۆمەڵگای حاجی ئۆمەران و هەرسێ تیمی ئامادە باشی بنكەكانی بەرگری شارستانی كۆمەڵگەی حاجی ئۆمەران-چۆمان-سۆران، بە هاوكاری چەند گەنجێكی خۆبەخش وەك رێنیشاندەر، دەرچوون بۆ شوێنی رووداو لەبەر سەختی شوێنەكە پرۆسەی رزگاركردنەكە نزیكەی 10 كاتژمێری خایاند.
گووتیشی:” هاووڵاتییە بەریتانیەكە بە سەختی بریندارببوو، دوای رزگار كردنی دەستبەجێ گەێندرایە نەخۆشخانەی چۆمان و چارەسەری پێویستی بۆ دەكرێت”.