کرێکار قادر ڕوستایی
بەشی نۆیەم
زۆر کەس پێیان وایە کە گژوگیای پزیشکی توانای چارەسەرکردنی چەندین نەخۆشی هەیە، کە کاریگەریان لەسەر مرۆڤ هەیە و زۆر سەلامەت و تەندروستن و هیچ مەترسییەکیان نیە بۆ جەستە، کەواتە ڕاستیەکە چییە لەچارەسەر بەگژوگیای پزیشکی؟ مەترسی ڕووەک و گژوگیای دەرمان چییە؟ ئایا بەڕاستی زۆر سەلامەت و تەندروستن؟
یەکێک لە بنەماکانی ژیانی تەندروست، ئەوەیە کە پەیڕەوی ڕێبازی زانستی و پزیشکی بکەین، ئەگەر ئێمە بمانەوێ دەرمانێکی گیایی وەربگرین بۆ چارەسەری کیشەو نەخۆشیەکانمان دەبێت ئەو کەسە شارەزا و پسپۆڕی بواری دەرمانی گیایی بێت، ئەگەرنا ژیانمان دەکەوێتە مەترسیەوە و تەندروستیمان تێکدەچێت.
چارەسەر بەدەرمانی گیایی، پێویستی بە شارەزایی و لێزانی هەیە، کەچۆن گژوگیای پزیشکی ئامادە دەکرێت بۆ چارەسەری نەخۆشی و کیشەی تەندروستی، چونکە دەبێت ئەو کەسە شارەزا و پسپۆڕ بێت لەبواری گژوگیای پزیشکی، کەچۆن گژوگیا پزیشکیەکە لێدەکرێتەوە و چۆن هەڵدەگیرێت و چۆن ئامادە دەکرێت و بەرهەم دێت و دەکرێت بەدەرمانی گیایی.
بابەتی دەرمانی گیایی و ڕووەکی پزیشکی، کاریگەری و مەترسی زۆر هەیە لەسەر جەستەی مرۆڤ، فەیلەسووف پاراسلۆس دەڵێت: (هەموو شتێک ژەهرە، هیچ شتێک نیە بێ ژەهر، تەنیا ئەو شتەیە کە سم، ژەهر دروست دەکات).
بۆیە ئەو کەسانەی وەک عەتار یان هەر کەسێکیتر کە بەڕێگەی خوێندنەوەی پەرتوک، وەرگرتنی وەسفە، لەخۆیانەوە دەرمان ئامادە دەکەن و دروستی دەکەن، وەک تێکەڵی گژوگیا، جا بە کەپسول یان بە هاڕاوی بکرێتە ناو قوتوو، یان گیراوەی گژوگیا وەک ئاوتک، یان وەک کرێم و مەرهەمی ئامادەکراو و دروستکراو بێت، بۆ چارەسەرکردنی هەر نەخۆشیەک بێت، کەلە دووکان و شوێنەکانی جوانکاری خانمان دەیفرۆشنەوە بە پارەیەکی زۆر، ئەوەیان مەترسیدارە، چونکە دەبێ کەسانی شارەزا و پسپۆڕ گژوگیا پزیشکیەکان ئامادە و دروست بکەن. نەک هەر کەسە و لەلای خۆیەوە دەرمان دروست بکات و بیفرۆشێت. ئەمە کارەسات و مەترسی زۆر خراپی دەبێت لەسەر تەندروستی و ژیان بەکارهێنەر.
زۆربەی ڕەچەتەی گیایی، هیچ کات ڕاستەوخۆ ئەنجامێکی خێرا نادات بەنەخۆش و بەکارهێنەر، ئینجا پێی بڵێت با بیخوات و دەبێتە شیفا و چاک دەبێتەوە، نەخێر بۆ زۆربەی ئەو نەخۆشانەی کە بەدوای چارەسەری سادە و خێرادا دەگەڕێن بۆ نەخۆشی و کێشەکانیان بە گژوگیای پزیشکی، دەرمانی گیایی، چارەسەرکردن بە ڕووەکە پزیشکییەکان زۆرجار تەنها دوای هەفتە یەک یان چەند مانگێک، لەبەکارهێنانی، دەرئەنجامی دەبێت.
ئەو کەسانەی بۆ پارە پەیداکردن و ناوبانگی خۆیان دەستیان بەو کارە پزیشکی و قورس و پڕ لە بەرپرسیارێتیەکردوە، دەبێت ئاگاداربن، دەبێت ئەو کەسە شارەزاییەکی تەواوی هەبێت لەبەرکارهێنانی گژوگیا پزیشکیەکان بۆ چارەسەری نەخۆشی، دەبێ لەبواری دەرمانی گیایی بخوێنێ و شارەزابێت، ئەگەرنا حەقیقەتی چارەسەر بەگژوگیای پزیشکی بەو جۆرە نابێ، ئێمە لەنزیکەوە دەزانین چی دەگوزەرێت، کەسانێک کارکردنیان زۆر نازانستی و ناتەندروستە، بگرە زۆربەی هەرە زۆری خورافیاتە، دوورە لەڕاستی و حەقیقەتی زانستی و پزیشکی.
لە کەلتووری هیندی و یۆنانی و میسری و چینییەوە دەست پێدەکات و بە عەرەبی و ئیسلامی کۆتایی دێت، ئەم شارستانیەتانە وەک خواردنەوەی تەندروست بۆ جەستە سودمەند دەبن، لەبەرکارهێنانی گژوگیای پزیشکی، بۆ چارەسەری نەخۆشی و کێشەکانیان، لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا جیاوازیەک هەیە، دەربارەی ئەوەی کە ئەم گژوگیا پزیشکیانە تایبەتمەندیی خۆیان هەیە بۆ چارەسەری نەخۆشی، به تایبەت نەخۆشییە درێژخایەنەکان وەک شێرپەنجە، دڵ، شەکرە، سەوەفان، ڕۆماتیزم، ئەگزیما، سەدەف، جگەر، گورچیلە، نەزۆکی، شەقیقە.
زۆر جار ئەو کەسانەی لەخۆیانەوە، گژوگیای پزیشکی بەکاردێنن، یان کەسانێک خۆیان بەشارەزا و پسپۆڕ دەزانن، دەیدەن بەنەخۆش و خەڵکی دوایی تووشی چەندین کێشە و گرفتی تەندروستی دەبن و ژیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە و هەندێک لە کاردانەوە هەستیارەکان تووش دەبن وەک :
سەرئێشەی درێژخایەن،
هەناسەدان سەختە و تووند و تەنگە نەفەسی،
لاوازی جنسی،
لاوازی گورچیلە،
تێکچوونی هۆرمۆنات،
کێشە و گرفتی گەدە و قۆڵۆن،
ڕشانەوە،
سکچوون….
دەبێت لە دکتۆر و کەسە شارەزاکانی بواری دەرمانی گیایی بپرسیت، دەربارەی ئەو بڕە گژوگیا و دەرمانە گیاییانە، کە پێویستە هەر جارێک بەکاری بهێنیت و ماوە و کاتەکەشی چەند و کەی بێت، کە دەبێت بەردەوام بیت لە وەرگرتن و خواردن و چۆنیەتی بەکارهێنانی بۆ چارەسەری نەخۆشی.
ئەگەر دەرمانی کیمیاویی و گیایی وەردەگریت هەر دووکی لەیەک کاتدا دەخۆیت و دەستت کردووە بە وەرگرتن و خواردنی دەبێت ڕاوێژ بکەیت بە دکتۆرەکەت و پرسیار لە دەرمانسازەکەت بکەیت، دەربارەی ئەو کارلێکانەی کە لەوانەیە لە نێوان گژوگیای پزیشکی ،دەرمانی گیایی و دەرمانی کیمیاویدا ڕوو بدات، دواتر ژیان و تەندروستیت دەکەوێتە مەترسیەوە.
بۆیە هەر کات لەخۆتەوە چوویتە لای عەتار و کەسانی نەشارەزا لەبواری گژوگیای پزیشکی، دەرمانی گیایی، ئەو کاتە وەرگرتنی هەر گژوگیا و دەرمانێکی گیایی بەڕاوێژ و ڕێنمایی ئەوانت کرد، ئەوا چارەسەرەکە حەقیقەت نیەو خورافیاتە و نازانستی و ناتەندروستە، بۆیە ژیان و تەندروستی خۆتان بەلاوە گرینگ بێت، ئەگەرنا ژیانت دەکەوێتە مەترسیەوە.