زاری كرمانجی-رواندز
دیزانیی بەنداوێك لە سنووری قەزای رواندز كراوەو لە چەند شوێنێكیش خراونەتە بەرنامەو پلان بە مەبەستی دروست كردنی پۆندی گلدانەوەی ئاو.
ئەحمەد قادر، قائیمقامی قەزای رواندز، بەزاری كرمانجی گووت: ” لە ماوەی ڕابردوودا دیزاین بۆ شوێنێكی خەرەندی ڕواندز كراوە بۆ دروستكردنی بەنداوێك و بەرزكراوەتەوە بۆ سەرووی خۆمان بۆ ئەوەی لەداهاتوودا دەست بەكارەكانی بكرێت، ئەمەش بە پڕۆژەیەكی زۆر گرنگ و پێویست دادەنرێت”.
ئاماژەی بەوەشدا: ” هەروەها وەك لایەنە پەیوەندیدارەكانی رواندز و بەڕێوەبەری سەرچاوە ئاوییەكانی سۆران، بەمەبەستی بینین و دەستنیشانكردنی چەند شوێنێك بۆ درووستكردنی پۆندی گلدانەوەی ئاو، دۆڵی ئاكۆیانمان لە سنووری قەزای رواندز بەسەر كردەوە، بۆ ئەوەی شوێنەكە بخرێتە بەرنامەو پلان و لە داهاتوودا كار لەسەر ئەم جۆرە پڕۆژانە بكرێت و بتوانرێت ئەم شوێنانەی پێویست و گونجاون، پۆندی گلدانەوەی ئاویان بۆ درووست بكرێت، هەروەك درووستكردنی پۆندی ئاو لە بەنداو ئاسانترەو خەرج و گوژمەی كەمتری دەوێت”.
دەشڵێت : ” حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ رووبەڕوو بوونەوە لێكەوتەكانی كەم بارانی، پلانی دروست كردنی پۆندی گلدانەوەی ئاو جێبەجێ دەكات، بە ئامانجی چەند سودێكی گرنگ لەوانە زیاد كردنی ئاوی ژێر زەوی، بەكارهێنانی بۆ بە خێوكردنی مەڕ و ماڵات، كشتوكاڵی و گەشت و گوزار و چەندین سوودی دیكە، ئومێدەوارین هەوڵەكانمان لە رووی ئەندازەیی و جیۆلۆجی ئەنجامی باشی هەبێت، بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی پلانەكانی حكوومەت جێگایان بۆ بكرێتەوەو بخرێنە بەرنامەو پلانی داهاتوو.