ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری، لە دیوانی وەزارەت پێشوازی لە وەفدێکی باڵای کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر کرد و لەو دیدارەدا ڕایگەیاند: “لەسەر بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا ڕێککەوتووین.”
دوێنێ وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی لە شاندەکە کرد کە پێکهاتبوون لە زەهرا بێل کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر بە وەکالەت و دێڤد کودێل، بەرپرسی بەشی سیاسی و ئابووری و جوشوا لویس، کارمەندی سیاسی و ڤەهێل ئامێدی، پسپۆڕی ئابووری و وزە لە کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر.
وەزیری دارایی و ئابووری تیشکی خستە سەر دوایین ئەنجامی گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا و ڕایگەیاند: “لە چوارچێوەی بڕیاری حکومەتی هەرێم بۆ سفرکردنەوەی کێشەکان لەگەڵ بەغدا، ئەوپەڕی نەرمیمان نواندووە و لەسەر بەشەبودجەی هەرێم گەیشتوینەتە ڕێککەوتن؛ دوا داڕشتنی بەندەکانی لەلایەن هەردوو لاوە تەواو بووە.”
لە تەوەرەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دارایی و ئابووری باسی لە هەنگاوەکانی چاکسازی کرد لە چوارچێوەی بەرنامەی چاکسازیی حکومەتی هەرێم و گوتی: “ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و کۆکردنەوەیان لە ژێر چەتری وەزارەتدا قۆناغی باشی بڕیوە و ئەوەی پەیوەستە بە وەزارەتی داراییەوە، هەموو کارئاسانییەکمان بۆ ئەو پڕۆسەیە کردووە و بەردەوامیش دەبین.”
زەهرا بێل، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر بە وەکالەت، ستایسی ڕۆڵی شاندی هەرێمی کوردستانی کرد لە بەرەوپێشچوونی هەنگاوەکانیان بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق لە سەر بودجە و دۆسیەی نەوت و غاز، هاوکات دەستخۆشی لە بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی کرد بۆ یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان