زاری كرمانجی – سۆران:
ئەمڕۆ كاریل كۆرتانیك، كونسوڵی گشتی كۆماری چیك لە هەرێمی كوردستان، سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كرد و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، گرنگی بە كەرتی گەشتیاری ئیدارەی سۆران دەدەین، بۆ ئەو مەبەستە گروپێكی میوزیكی دێنینە ناوچەكە.
كونسوڵی گشتی كۆماری چیك لە هەرێمی كوردستان، گوتیشی: ئاسایش و ئارامی هەولێری پایتەخت لە بارتر و باشترە لە چاو شارەكانی چیك و ئەڵمانیا، بۆیە دەمانەوێ بە ئەوروپیەكان بڵێین كوردستان نموونەی ناوچەیەكی سەلامەتە لە دیبلۆماسیەتی گەشتیاریدا.
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران بە میدیاكارانی گوت: گرنگیدان بە بواری گەشتیاری یەكێك لە بەرنامەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، بۆیە هەوڵەكانی بۆ رێكخستنی ئەم جۆرە پەیوەندیی و دیدارانە ئەنجامی ئەرێنییان دەبێت، بڕیارە لە مانگی ١٠ی ئەمساڵ كۆنسێرتێكی میوزیكی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەنجام بدەین و لەم نزیكانەش ١٠ بەڕێوبەری گشتی گەشتوگوزار كە یەكێكیان بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سۆرانە سەردانی چیك دەكەن بۆ بەشداریكردن لە پیشانگایەكی نێودەوڵەتی لە بواری گەشتوگوزار.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، گوتیشی: هەوڵ دەدەن بە هەماهەنگی لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی فڕۆكەوانی كارئاسانی بۆ میكانزمی هاتووچۆی گەشتیاری هاووڵاتییانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەگەڵ ناوچە گەشتیارییەكانی چیك و بە پێچەوانەوە بكرێت.