شەهلا رەشید- سۆران
هەمیشە ئەو خواردنانەی كە قەدەغەكراون بەتامترن، ئایسكرێم یەكێكە لەو خواردنە ساردەمەنیانەی كە زیانی هەیە بۆ منداڵان، بەتایبەت ئەوانەی خوار تەمەن یەك ساڵن، كاتێك كۆرپە تەمەنی لە یەك ساڵ كەمتر بێت وردە وردە خواردنە نوێیەكان دەناسێت، بۆیە باشتر وایە خواردنە تەندروستەكان پێیان بناسرێن، لێرەدا هەندێك هۆكار دەخەینەڕوو كە نابێ ئایسكرێم بدەیت بە منداڵەكەت، ساردەمەنییەكانی وەكوو ئایسكرێم، دۆندرمە و جۆرەكانی، لەو خواردنانەن كە لە كۆتایی وەرزی بەهار و بەتایبەت لە هاویندا خواستێكی زۆریان لەسەرە، منداڵ و گەورە رەنگە رۆژانە بیخۆن، بەڵام زیادەڕەویكردن لە خواردنیدا زیانی تەندروستیی دەبێت.
زیانەكانی زۆر خواردنی ساردەمەنی بۆ تەندروستی منداڵ
-هۆكارە بۆ زۆربوونی كێش و قەڵەوی، چونكە بڕێكی زۆر كالۆری تێدایە.
-بێ هێزی كۆئەندامی بەرگریی جەستە.
-ژەهراویبوون بە بەكتریا و ڤایرۆس كە لە رێگەی ساردەمەنیی سەردانەپۆشراوەوە دەگوازرێتەوە، لە نیشانەكانی سكچوون، رشانەوە و ئازاری سك.
-زیادبوونی ئەگەری هەوكردنی قوڕگ و لەوزەتێنەكان.
-زیادبوونی ئەگەری كلۆربوونی ددان و هەوكردنی پووك.
-دەركەوتنی نیشانەكانی هەستیاریی بە شیر یان هەرس نەكردنی لاكتۆز.
-سەرئێشەی دوای ئایسكرێم و ساردەمەنی، رەنگە لە هەندێك كەسدا رووبدات.
-پێویستە ساردەمەنی بە هیچ شێوەیەك نەدرێت بە منداڵی خوار یەك ساڵ.
خۆراكە جێگرەوەكانی ساردەمەنییەكان، شەربەتی میوەی فرێش لە ماڵەوە ئامادە بكرێت و بخرێتە ساردكەرەوەوە، لە ناو قاڵبی جیاوازدا لەگەڵ كەمێك تامی ڤانێلا یان شوكولاتەی تێبكرێت و بدرێت بە منداڵ، یان وەك شێوەی ئەزبەرید بخورێت، باشترە شەربەتەكە بەتڵپە و ریشاڵی میوەكەوە بخرێتە فرێزەرەوە، یاخود میوە قاش بكرێت و بەشێوەی جوان و سەرنجڕاكێش بخرێتە ساردكەرەوە و بە بەستوویی بدرێت بە منداڵ، هەتا درەنگتر ساردەمەنی بدرێت بە منداڵ باشترە، نابێت بە بڕێكی زۆر ببرێتە ماڵەوە و رۆژانە زیاتر لە دانەیەك بدرێت بە منداڵ.
س/سایتی زانیاری
































































