شەهلا رەشید- سۆران :
چا یەكێكە لە خواردنەوە بەناوبانگەكان، كۆنترین كۆمەڵگەكانی جیهان رۆژانە چا دەخۆنەوە، بۆ نموونە دانیشتووانی ئۆكیناوا لە ژاپۆن رۆژانە چای سەوز دەخۆنەوە، هەروەها زۆربەی خەڵك بەیانیان دوای لە خەو هەستان، یان پێش خەوتن بۆ ئەوەی فشاری دەروونی كەم بكەنەوە، یاخود پاش نیوەڕۆ بۆ زیاتر پشوودان دەیخۆنەوە، بەڵام پێویستە ئەوە بزانین كە نابێ چا لەگەڵ هەندێك خواردن بخۆرێتەوە.
هەندێك لە مرۆڤەكان ئەوەندە خوویان پێوەی گرتووە، تەنانەت لەكاتی بێكاریدا پەنا بۆ خواردنەوەی دەبەن، پێش و دوای ژەمەكان، لەكاتی مێوانداری، لەسەر كار، بە تەنیایی و لەكاتی جگەرەكێشان هەر پەنا بۆ خواردنەوەی چا دەبەن، شارەزایانی تەندروستی باسی سوود و زیانەكانی چا دەكەن، لەوانە گونجاو نییە لەگەڵ ژمارەیەك خواردن بخورێتەوە.
شارەزایان رێنمایی هاووڵاتییان دەكەن لە كاتی خواردنەوەی چا، چونكە پێكهاتەكانی دژە بەكتریان، یارمەتی كەمكردنەوەی كۆلیسترۆل و پەستانی خوێنیش دەدات، بەڵام نابێت شەكری زۆر تێدا بێت یان تێكەڵی شیر و هەندێك شیرینكەر بكرێت، چونكە ئەوكات دەبێتە خواردنەوەیەكی كالۆری بەرز، یەكێك لەو خۆراكانەی نابێت چای لەگەڵ بخورێتەوە، شیرینی وەك بسكویتە، كە لە ئارد دروست دەكرێت، چونكە ئەگەری تووشبوون بە قەبزی و بەرزبوونەوەی رێژەی ترشی زیاتر دەكات، هەروەها باشترە لەكاتی خواردنی سەوزەی وەك سپێناخ و لۆبیا، چا نەخورێتەوە كە بە ئاسن دەوڵەمەندن، چونكە پێكهاتەكانی چا دەبێتە رێگر بەردەم مژینی ئاسنەكە كە سوودی زۆری هەیە، هەروەها زۆر كەس لەتێك لیمۆ دەخەنە ناو چا بەو پێیەی تامێكی خۆشی پێ ببەخشێت، لەو كاتەی ئەو تێكەڵەیە ترشی گەدە زیاتر دەكات، جیا لەوە لەكاتی خواردنەوەی چا نابێت خواردنی دەوڵەمەند بە زەردەچەو بخورێت، چونكە كێشە بۆ كۆئەندامی هەرس دروست دەكات، لەپاڵ ئەوەی نابێت یان باش نییە چەرەزات لەكاتی خواردنەوەی چادا بخورێت، چونكە ماددەی تانین كە لە چادا هەیە، رێگری لە مژینی ماددە خۆراكییە بەسوودەكانی ناو چەرەزاتەكە دەكات.
س/سایتی زانیاری