محەممەد مەحموود- سۆران:
زۆر جار دیواری قوتابخانە، لەلایەن کەسانێکەوە، دروشم و نووسین و هێمای لەسەر دەنووسرێت، دیواری قوتابخانەکان بۆتە شوێنی ریکلامی بازرگانیش بێ ئەوەی باجێک بدرێت بەقوتابخانەکان.
وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەش دەڵێت ” ئەمە کارێکی نەشیاوە و تا ئێستا هەنگاوی وا لەلایەن وەزارەتی پەروەردە نەنراوە بۆ دەستگیرکردنی هیچ کەسێک”.
سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە زاری کرمانجی راگەیاند” نووسین دروشم یان هەر بابەتێکی تر کارێکی نەشیاوە، ئەوانەی ئەو کارە دەکەن نایەن بە ئاشکرا لەبەر چاوی بەڕێوەبەری قوتابخانەکان یان مامۆستایان بینووسن، لەکاتێکدا دەینووسێت کەوا کەس لە قوتابخانە نەبێت و چاودێری نەکرێت “.
وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە گووتیشی” تا ئێستا لەسەر ئەو بابەتە کەس دەستگیرنەکراوە، بۆنووسینیش دەبێت رەزامەندی کارگێڕی قوتابخانە وەربگیرێت بۆئەمەش کارگێڕی قوتابخانەکان رێگە بەکارێکی لەم جۆرە نادەن”.
سامان سیوەیلی، ئەوەشی بۆ زاری کرمانجی خستەروو ” ئەوانەی زیاتر ئەو کارانە دەکەن منداڵ و هەرزەکارن ، دەکرێت گەر ناسراوبێت کەسەکە لەلایەن قوتابخانە بانگبکرێت بۆ ئەوەی نووسین یان دروشمێکی نەخشاندبێت بیسڕێتەوە، تائێستا هەنگاوی لەو جۆرە نەنراوە لەسەر ئەو بابەتە لە رێگەی پۆلیسەوە کەس دەستگیرابێت، یان زیندانی کرابێت، لەسەر ئەوەی شتێکی لەسەر دیواری قوتابخانەیەک نووسبێت ، بابەتەکە بەمجۆرەنییە، بەگشتی کارێکی ناشیرینە نووسین لە سەر دیواری قوتابخانەکان.


































































