زاری كرمانجی – هەولێر:
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند، لەپێناو ئاسایشی تەندرووستی و كۆنترۆڵكردنی جۆر و نرخی دەرمان، حكومەتی هەرێمی كوردستان لەڕێی كەرتی تەندرووستییەوە، تا دێت زیاتر بایەخ بە جۆر و كوالێتیی دەرمان دەدات؛ بۆ ئەو مەبەستە بنكەی كوالێتیی كۆنترۆڵ بۆ هاوردەكردنی دەرمان، كە پشت بە بنەما زانستییەكان دەبەستێت، له تەواوی دەروازە و خاڵە سنوورییەكان و فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستاندا هەیە؛ تاكوو هیچ دەرمانێك بەبێ مۆڵەتی كوالێتیی كۆنترۆڵ هاوردەی هەرێمی كوردستان نەكرێت.
د. شێروان سادق، بەڕێوەبەری كوالێتیی كۆنترۆڵی دەرمان، لە وەزارەتی تەندرووستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە پێگەی فەرمیی حكومەتی ڕاگەیاند: “لە پڕۆسەی پشكنین و هەڵسەنگاندندا، سەرەتا هەڵسەنگاندن بۆ ئەو دۆكیۆمێنتانە دەكرێت كە بۆ پشكنینی دەرمان پێویستن، دواتر نموونەی ئەو دەرمانانە بە هەڕەمەكی وەردەگیرێن و دەهێنرێتە ناو تاقیگەی كوالێتیی كۆنترۆڵی دەرمان و لە ڕێگەی تاقیگەی كیمیایی و فیزیایی و بایەلۆژی دەپشكنرێن؛ ئەگەر لە پڕۆسەی پشكنین دەرچوو، ئەوكات مۆڵەت بەو دەرمانە دەدرێت و ستیكەری بەكارهێنانی پێ دەدرێت، ئەگەر لەو پشكنینە وردە دەرنەچوو، ئەوكات یان لەناودەبرێت، یان لەسەر داوای كۆمپانیاكە دووبارە پشكنینی بۆ دەكرێتەوە.
بەڕێوەبەری كوالێتیی كۆنترۆڵی دەرمان، دەڵێت: ” پشكنینی دەرمان بەگوێرەی ئەو ڕێنماییانە دەبێت كە بۆمان دانراون و دەبێت لەگەڵ واقیعی هەرێمی كوردستان بگونجێت؛ هەر دەرمانێك له سەرەتادا دەبێت بزانین لە ناو لیستی نیشتمانییدا پەسەند دەكرێت یان نا، بۆ ئەمەش داوای چەند بڕوانامەیەكی زانستی دەكەین، وەك: پێكهاتەی كارا و ناكاراییی دەرمانەكە و شێوازی دەرمانسازیی دەرمانەكە و شێوازی بەكارهێنان و ژەمی بەكارهێنانەكەی لەگەڵ هێزی دەرمانەكە، هەموو ئەمانە لە ڕێگەی لیژنەیەكی تەندرووستی و لەسەر بنەمای زانستی بڕیاری لەسەر دەدرێت.
ئاماژە بەوەشدراوە”دوای پێكهێنانی كابینەی نۆیەم، سیستەمی داتابەیسمان بۆ تۆماری كارگە و دەرمان دانا كە بنەمای كۆنتڕۆڵكردنی دەرمانە، بۆیە لەو ماوەیەدا هەڵپەساردن و ڕێگەگرتن و ڕەتكردنەوەی دەرمان و ڕێگەپێدان ڕێژەكەی زۆرتر بووە، بەشێوەیەك ڕێژەكەی ٤٠% بووە، بۆ سەرچاوەكانیش تەنیا ڕێگەمان بە چەند سەرچاوەیەك داوە كە لەگەڵ تەندرووستیی جیهانی یەكدەگریتەوە. مانگانە بۆ هەرێم و عێراق نزیكەی ١٢ هەزار باشنەمبەر هاوردە دەكرێت و ١٥ % تا ٢٠% ی ڕەت دەكرێتەوە؛ تەنیا لە ٢٠٢٢ نزیكەی ١٥٠ تۆن دەرمان ڕەت كراونەتەوە، بە هۆكاری بەسەرچوون و دەرنەچوون لە پشكنین و نەبوونی دەرمانەكان لە لیستی نیشتمانیی دەرمان. لیژنەی چاودێریی بازاڕمان هەیە لە هەرێمی كوردستان، لەگەڵ ئاسایش و قایمقامیەت و سەندیكای دەرمانسازان، ڕێكارەكانمان زۆر توندن، سزای داخستن و پێبژاردن و لێكۆڵینەوە و درانە دادگاشمان هەبووە، لە ساڵی ٢٠٢٢ نزیكەی ٤٤ كەیسی دادگامان هەبوو، ٣٠ كەیسی لێكۆڵینەوە بە ئامادەبوونی نوێنەری داواكاری گشتی و لیژنەی لێكۆڵینەوە هەبووە، ٦٤ كۆمپانیا لە ٢٠٢٢ سزای داخستنیان دراوە، ٦٧ دەرمانخانە سزا دراون، تا گەیشتووەتە لێسەندنەوەی مۆڵەتی كاركردن.”
