هەژار ئەنوەر
بەکالۆریۆس لە ڕاگەیاندن
بۆ پارێزگاریکردن لە شوناس و فەرهەنگ و کولتوور و زمانی دایک و زیندوو مانەوەی، پێویستە کار لەسەر تاکی ناو کۆمەڵگا بکرێت، بەڕێگای جیاجیاکانی پەروەردە و فێرکردن لەناو خێزان و فێرگەکان، هەر لە باخچەی ساوایان تاکو دەگاتە بەرزترین ناوەندی زانستی کە خوێندنی باڵایە بە حکومی(گشتی) و ناحکومی (تایبەتی)یەوە.
گەر سەیرێکی مێژوو و ئەدەبیات و فەرهەنگ و کولتوور و زمانمان بکەین لە ڕابردوودا دەبینین زمانی کوردیی، لەسەردەمی نووسەر و شاعێرانی وەکو; ئەحمەدی خانی، مەلای جەزیری، نالی، بابەتاهیری هەمەدانی، پیرەمێرد، هەژار، هێمن ،…دەیانی تر، زمانی دایک پارێزراو بوو بەڵام ئێستا ناوەندە پەروەردەیی و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کوردی بە بینراو و بیستراو و خوێندراو و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانیەوە لە هەوڵی کاڵکردنەوە و لەناوبردنیدان، نرخ و بەهایەک بۆ زمانی دایک دانەنراوە، ئەمە ئەرکی تاک بەتاکی کۆمەڵگەی کوردییە، کە بەهەرهۆکارێک بێت خۆیان دووردەخەنەوە لەبەکارھێنانی وشە و دەستەواژەی کوردی پەتی، بۆیە پێویستە لەسەر نوخبە زانست خوازەکان کەوا دووربکەونەوە لە وشە و دەستەواژەی بیانی.
لەلایەکی تر ئەرکی سەرەکی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانە، کە پێویستە لەسەرەیان وەک ئەرکێکی نیشتمانی و ڕەوشتی و دڵسۆزانە لەهەمبەر زمانی دایک نیشتیمانی، فلتەر و چاودێری لەسەر پەخشی دراما و فیلم و شانۆ و هونەری بیانی دابنێن، پەرە بەتوانا و لێهاتووییەکانی ناوەخۆیی ڕۆڵگێڕ و شاعێر و هونەر و فەرهەنگی کوردی بدرێت، کە بەزمانی ڕەسەنی دایک بەرهەمەکانیان پێشکەش بە کۆمەڵگەی کوردی بکەن، نەوەی سەردەمی پێشکەوتوو خێرا ئاشنابکەن بە زمانی کوردی پەتی سەردەمی زووی شاعێرو نوسەرانمان، فەرهەنگەکان بایەخی زیاتریان پێبدرێت و دەولەمەندبکرێن بە وشە دێرینەکانی سەردەمی زێرین، لەولاتر خێزان پەروەردەی منداڵەکانیان لە کولتووری کوردی بێ بەش نەکەن و ڕەسەنایەتی بپارێزن.
لە پاڵ ئەمانەش، دەرکردنی ڕێنمایی و یاسایی تایبەت بەم بوارەوە، کە بەکارهێنانی وشە و دەستەواژی بیانی لە دامودەزگا میرییەکان کاڵبکرێتەوە و دەستەواژەی کوردی پەتی جێگای بگرێتەوە.