زاری كرمانجی -سۆران:
ئەمڕۆ 44 ساڵ بەسەر كۆچی دوایی بارزانی نەمر، رابەری زیاتر لە نیو سەدەی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان تێدەپەڕێت، بووەتە سەر مەشق و هەوێنی كوردایەتی و ئازادیخوازی و سەربەخۆیی گەل و خاكی كوردستان.
بارزانی نەمر، لە قۆناغێكی مێژووی و چارەنووسسازدا، خەباتی دژی داگیركەرانی خاوەن هێز و پشتیوان هەڵبژارد، كە گەلی كورد لە سەردەمێكی پڕ لە ئازار و نەهامەتی دەژیا، كە جگە لە خوا و رەوایی دۆزەكەی و ئامادەیی رۆڵەكانی بۆ مەرگ لە پێناو ئازادی، هیچ پشت و پەنایەكی دیكەیان شك نەدەبرد، بەڵام بەهۆی ئیرادەی بەهێز و باوەڕبەخۆبوون و رەوایی دۆزەكەی، بۆ چركەیەك بڕوای ئەو سەركردە مێژووییەی كورد لەق نەبوو، ئازایانە خەباتی بۆ نەتەوەكەی كرد و لەو رێگەیەشەوە، میراتێكی گەورەی لە خەبات، دژی ستەم و زۆرداری بۆ رۆڵەكانی بەجێهێشت.