زاری كرمانجی – بارزان:
سبەی 44 ساڵ بەسەر كۆچی دوایی بارزانی نەمر، رابەری زیاتر لە نیو سەدەی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان تێدەپەڕێت، بۆ ئەو مەبەستە سبەی لەسەر مەزاری نەمران لە بارزان بە هەزاران خەڵك لە ئیدارەی سۆران و شارو شارۆچكەكانی دیكەی كوردستان سۆز و پەیمان نوێ دەكەنەوە.
سبەی چین و توێژەكانی ئیدارەی سۆران، خەڵكی ناوچەكانی دیكەی كوردستان، لە پارچەكانی دیكە كە بەپێ هاتوونە سەردانی مەزاری نەمران لە بارزان دەكەن و سۆز و پەیمان نوێ دەكەنەوە كە درێژە پێدەری خەباتی بارزانی نەمر بن و، هاوكار و پاڵپشتی سەرۆك بارزانی بن، بۆ ئەوەی بەو ئاواتە بگەن كە بارزانی نەمر و گەلی كورد خەباتیان بۆ كردووە.
مستەفا بارزانی، كوڕی شێخ محەمەد بارزانییە لە گوندی بارزان لە 14ـی ئاداری ساڵی 1903 لە دایك بووە و لە یەكی ئاداری ساڵی 1979 لە نەخۆشخانەی جۆرج تاون لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریكا كۆچی دوای كرد، لە چواری ئادار تەرمی پیرۆزی بارزانی نەمر گەیشتەوە تارانی پایتەختی ئێران و دواتر بە هەلیكۆپتەر، تەرمی پیرۆزی گەیاندرایەوە شاری شنۆی كوردستان و لەوێ لەلایەن سەدان هەزار كەس لە پەنابەرانی هەرێمی كوردستان و هاووڵاتیانی رۆژهەڵات و كوردەكانی باكوور و رۆژئاوا پێشوازی لە تەرمی پیرۆزی بارزانی كرا، كە لەو رۆژەدا لە سنورەكان پەڕیبوونەوە، تا لە ماڵئاواییكردنی بارزانی نەمردا بەشداربن، لە رۆژی پێنجی ئادار تەرمی بارزانی لە گۆڕستانی شنۆ لەسەر وەسیەتی خۆی لە پاڵ گۆڕی شێخ بابۆ بە خاك سپێردرا، لە پاش ڕاپەڕین و لە شەشی تشرینی یەكەمی ساڵی 1992 تەرمی بارزانی نەمر و شەهیدی هەمیشە زیندوو ئیدریس بارزانی لە گۆڕستانی شنۆ هێنرانەوە بۆ كوردستان و لە خاكی پیرۆزی بارزان و لە زێدی خۆیان بە خاك سپێردران.