زاری کرمانجی – سیدەکان:
ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکایەتی شارەوانی سیدەکان لە ساڵیادی کۆچی دووای بارزانی نەمردا، هەڵمەتێکی نەمام چاندنی لە نێوەندی شەقامی دووسایدی ناوچەکە ئەنجامدا .
عەبدولقادر ئەکڕەم سەرۆکی شارەوانی قەزای سیدەکان، بەزاری کرمانجی راگەیاند:” ئەمڕۆ بەبۆنەی 44 ساڵەی کۆچی دووایی باوکی ڕۆحی نەتەوەی کورد بارزانی نەمر، وەک شارەوانی سیدەکان هەڵمەتێکی نەمام چاندنمان بە درێژای یەک کیلۆمەتر بە ئامادەیی قایمقامی قەزای سیدەکان و بەرپرسی لێژنەی ناوچەی سیدەکان و بەرپرسانی دیکەی حکوومی و حزبی و سەربازی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چین و توێژەکانی دەڤەرەکە ئەنجامدا.
سەرۆکی شارەوانی سیدەکان، دەڵێت:” مەبەست لە هەڵمەتە دەربڕینی وەفاداری بوو بۆ کۆچی دووای بارزانی نەمر و لە هەمان کاتیش بۆ جوانکردنی سیمای شار و زیاد کردنی ڕێژەی سەوزاییە، ئەم هەڵمەتەی نەمام چاندنیشە کۆتا قۆناغی سەوز کردن و چاندنی نەمامە له نێوەندی شەقامی دووسایدی سیدەکان .
شایەنی باسە، یەكێك لە بنەما سەرەكییەكانی فەرهەنگی دەڤەری بارزان پاراستنی ژینگەیە كە زیاد لە سەد ساڵە لەلایەن پێشەوای خانەدانی بارزان بە میرات ماوەتەوە و لە ئاست جیهانی پێشكەوتووی ئەمرۆشدا یەكێك لە بە نرخترین بەهاکانی شارستانی دەژمێردرێت كە زیاتر گرنگی خۆی لە تێگەیاندن و پێگەیاندنی خەڵك بە شێوەیەكی خودكار دەبینێتەوە، ئەمڕۆش بە بۆنەی کۆچی دووای بارازنی نەمر هەڵمەتێکی نەمام چاندن بەڕێوەچوو.

