یانەی هەڵۆ “هیچ پاڵپشتییەكی دارایی لە لایەن ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پێشكەش بە یانەی هەڵۆ نەكراوە”
مستەفا دۆڵەمەری – دەڤەری بارزان:
ڕێكەوتی 14 – 9 – 2021 لە مەراسیمێكدا لە قەزای سۆران بە ئامادەبوونی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕاگەیەنرا و هەڵگورد شێخ نەجیب كە ئەو كات قایمقامی قەزای سۆران بوو وەك سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دیار كرا و لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە نامەی دەستبەكاربوونی پێ بەخشرا.
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 5 یانەی وەرزشی لەخۆ دەگرێت، یانەی هەڵۆ بارزان یەكێكە لە نوێنەرانی ئیدارەكە لە ڕكابەری یانە پلە یەكەكانی كوردستان.
یانەی هەڵۆ، وەرزی ڕابردوو بەهۆی قەیرانی داراییەوە پاشەكشێی لە خولی نایابی كوردستان كرد و دابەزی بۆ ڕێزی یانە پلە یەكەكان و بڕیارە ئەمساڵ شان بە شانی یانەی ڕواندز نوێنەرایەتی ئەو دەڤەرە بكەن لە خولی پلەیەك.
سەرۆكی یانەی هەڵۆ بۆ زاری كرمانجی گوتی:” لەو ماوەیەی كە سۆران وەك ئیدارەی سەربەخۆ ناسراوە هیچ پاڵپشتییەكی ئەوتۆ بە یانەی هەڵۆ نەكراوە، بەڵام داواكارەكانمان ئاراستەی ئیدارەی سۆران كردوون و بەڵێنیان داوە كە بێ جیاوازی یارمەتی هەموو یانەكانی ئیدارەی سۆران بدەن.”
سەرۆكی یانەی هەڵۆ گوتیشی:” تاوەكوو ئێستا هیچ پاڵپشتییەكی دارایی لە لایەن ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پێشكەش بە یانەی هەڵۆ نەكراوە و خۆم خەرجییەكانی یانەی هەڵۆ لە ئەستۆ دەگرم و لەسەر ئەركی خۆم یانەكە بەڕێوە دەبەم.”