ئەو قوتابییانەی سەركەوتنی گەورەیان بەدەست هێناوە، كەسوكاری وشیاریان هەبووە
بەو سیستەمەی خوێندن قوتابییان بە ئاسانی دەگەنە قۆناغی ئامادەیی
مورشید برادۆستی – سۆران:
لە دیمانەیەكی هەفتەنامەی زاری كرمانجیدا، م. حیكمەت سەلمان ساتی، سەرپەرشتیاری كارگێڕی لە یەكەی ئامادەیی سۆران، باس لە سیستەمی خوێندن و جیاوازی ئێستا و پێشتردەكات، هەروەها ئاماژە بە رۆڵی مامۆستا لە پێگەیاندنی قوتابی سەركەوتوو دەكات، ئەمانە و چەند پرسێكی دیكەی گرنگ، بەپێی ئەزموون و شارەزایی لە كار و باری پڕۆسەی خوێندندا دەخاتەڕوو.
لە دەستپێكی قسەكانیدا، مامۆستا حیكمەت سەلمان، باس لە سیستەمی خوێندن بۆ زاری كرمانجی گووتی:” سیستەمی ئێستای خوێندن، سیستەمێكی بەرتیتانییە، بەڵام بەشێوەیەك جێبەجێ دەكرێت كە لەگەڵ بار و دۆخی هەرێمی كوردستان بگونجێت، ئەمەش جیاوازی زۆری هەیە لەگەڵ سیستەمی ساڵانی پێشر، چونكە لە ماوەی ساڵانی رابردوو، سیستەمێك پەیڕو دەكرا بەشێوەیەك نمری تاقی كردنەوەكان لە سەر 100 كۆدەكرایەوە، بەشێوەیەك وەرزی یەكەم كۆدەكرایەوە، نیوەی ساڵ بە هەمان شێوە و دەوری دووەمیش هەر كۆدەكرایەوە دواجار نمرەیەك دەردەچوو، هەر قوتابیەكیش تێكرای نمرەكانی سەرووی 90 با، لە گشت بابەتەكان لە تاقی كردنەوەكان دەبەخشرا و بەشداری تاقی كردنەوەكانی نەدەكرد، هەروەها لەچەند بابەتێك قوتابی دەرنەچووبا لەو پۆلە دەمایەوە و بە كەوتوو ئەژمار دەكرا، بەڵام سیستەمی ئێستای خوێندن جیاوازە و وەرزییە، بەشێوەیەك نمرەی وەرزی یەكەم لەگەڵ وەرزی دووەم كۆدەكرێتەوە، لە هەمان كات، دەرنەچوون زۆر كەمبۆتەوە، قوتابی لە هەموو بابەتەكانیش كەوتبێت دووبارە تاقی كردنەوە ئەنجام دەداتەوە، لە هەمان كات لە چوارچێوەی ئەو سیستەمەی ئێستا پەڕینەوەش هەیە، قوتابی ئەگەر لە هەموو بابەتەكان دەرچووبێت تەنها یەك بابەتی دەرنەچووبێت، بەشێوەی پەڕینەوە بە دەرچوون ئەژمار دەكرێت، پێشتر شتی وا نەبوو .
ئەو سەرپەرشتیارەی پەروەردە، ناشی شارێتەوە، كە قوتابییان ئاستی زانستییان دابەزیووە و دەڵێ:” ئاستی قوتابییان خراپە و لەو پەڕی دابەزیندایە، سیستەمی پێشتر زۆر باشتر بوو، قوتابییان لە قۆناغەكانی خوێندن بە چەند فلتەرێك تێدەپەڕین، بۆ نمونە تاقی كردنەوەكانی پۆلی شەشی سەرەتایی هەبوو وەزاری بوون، بەهەمان شێوە لە پۆلی 9 و 12ی ئامادەیش تاقی كردنەوەی وەزاری هەبوو، قوتابی كاتێك لە شەش و 9 تێدەپەڕی، دەبووە قوتابییەكی ئامادەكراو بۆ قۆناغی ئامادەیی و پۆلی 12، بەڵام ئێستا گۆڕدراوە و قوتابییان بە ئاسانی دەگەنە قۆناغی ئامادەیی، ئەمەش هۆكارە بۆ ئەوەی ئاستی قوتابییان داببەزێت.
مامۆستا حیكەمەت سەلمان، دەڵێ:”تا رادەیەكی زۆر راگەیاندنەكانیش هۆكارن بۆ دابەزینی ئاستی زانستی قوتابییان، راگەیاندنەكان بەردەوام بەرنامە و پڕۆگرامەكانییان سیاسی و ئابووری و جەنگ و لایەنە نەرێنییەكانە، هیچ پەرنامەیەكی پەروەردە نییە تایبەت مەندبێت بە خوێندن و هوشیاركردنەوەی قوتابییان، ئەگەر بابەتێكی واش هەبێت خەڵك سوودی لێنابینێت، چونكە بەشتی لابەلا و بێ سود سەرقاڵ كراوە كە لەدەرەوەی پڕۆسەی پەروەردەیە، لەلایەكی دیكەشەوە، پێشتر بوار زیاتر دەڕەخسا بۆ خوێندن، بەڵام ئێستا تەواو جیاوازە و قوتابی زۆر بەكەمی دەخوێنێت و بەردەوام سەرقاڵی بەكارهێنانی مۆبایل و ئینتەرنێتە، بۆیە پێویستە كۆمەڵگەیەكی پەروەردەی دروست بكرێت، دایك و بابێكی وشیاربن و گرنگی بە منداڵ و قوتابییەكان بدات، پێویستە پلان دابندرێت بۆ خوێندن.
ئاشكراشی كرد، ئاستی مامۆستایانیش هاوشێوەی قوتابییان لە دابەزیندایە، چونكە لە دووای ساڵی 2014 مامۆستا بەشێوەی فەرمی دانەمەزراون، ئەوەی ئێستا هەیە زۆربەی وانەبێژن، ئەو مامۆستایانەش بە فلتەر تێنەپەڕیوون و هیچ راهێنانێكیان پێ نەكراوە و بە هەڕەمەكی دادەندرێن، لە هەمان كات، بەدوواداچوونیشان نییە، پێشتر سەرپەرشتیار هەڵسەنگاندن و بەدوواداچوونی بۆ مامۆستایان دەكرد و لە نێو پۆل بەشداری لەو بابەتە دەكرد كە مامۆستا بە قوتابیانی دەگووتەوە، هەروەها سەیری پرسیار و تاقی كردنەوەكانی دەكرد و لێكۆڵینەوە لە ئاستی قوتابییانی ئەو مامۆستایە دەكرا لەو وانەیە، بەڵام ئێستا وانییە و سەرپەرشتیارێك بۆ هەموو بابەت و سەرجەم كێشە و گرفتەكانی خوێندن دەچێتە قوتابخانەیەك.
ئاماژەشی بەوەدا، دیاردەی حەز لێكردن و كاری خۆشەویستی مامۆستا لە گەڵ قوتابیە كچەكان، شتێكی ناشرین و نامۆیە لە ناو پەروەردە و فێربووندا، ئەگەر ئەم حاڵەتە ببێتە دیاردرە پڕۆسەی پەروەردە ناشرین دەبێت، پێویستە مامۆستا زۆر لەوەی گەورەتربێت كە حەزی بۆ قوتابییەكەی خۆی بچێت.
سەرپەرشتیاری كارگێڕی لە یەكەی ئامادەیی سۆران، روونی كردەوە:” هیچ رەوا نییە، مامۆستایەكی بەدەر لە پسپۆڕی خۆی، وانەكانی دیكە بڵێتەوە، ناكرێت مامۆستایەك پسپۆڕی بیركاری بێت وانەی ئینگلیزی بڵێتەوە كە بەداخەوە لە زۆر شوێنە ئەمەهەیە و وا گونجاندیتیان، هۆكاریشە بۆ دابەزینی ئاستی مامۆستا و لە هەمان كات ئاستی قوتابییانیش.
لە بەردەوامی قسەكانیدا، گووتی:”دووا بە دووای بڕیار و رێنوێنییەكانی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە نێوپۆل و قوتابخانەدا، لێدان و قسەی ناشرین بە قوتابییان بەهەموو شێوەیەك قەدەغەكراوە، ئەو مامۆستایەی ئەو كارە بەرامبەر قوتابییانی دەكات، دەبێت بەرپرسیارەتیش هەڵبگرێت، ئەمە بڕیارە و ناكرێت لابدرێت، چونكە بە لێدان و قسەی ناشرین قوتابی فێرنابێت و ئاستیشی بەرز نابێتەوە .
مامۆستا حیكمەت سەلمان، دەشڵێت:” رۆڵی دایك و باب و كەس و كاری قوتابی زۆر گرنگە لە پێگەیاندنیان، دەبێت قوتابخانەی دووەم بن بۆ قوتابییەكان، پێویستە ماوە ماوە سەردانی قوتابخانەبكەن و بەدوواداچوون بۆ قوتابییەكانی خۆیان بكەن، هەروەها لە ماڵەوەش چاودێریان بكرێن، دوور بخرێنەوە لە بەكارهێنانی مۆبایل و سۆشیال میدیا و هاوڕێی خراپ، كاتەكانی بۆ دابەش بكات و پلانی خوێندنی بۆ دابنێت، گرنگی بە ئاستی زانستی قوتابییەكەیان بدەن، كاتی حەسانەو و گەڕان و سەیران و یاریشی بۆ دیاری بكات، ئەگەر سەرنج بدەین ئەو قوتابییانەی سەركەوتنی گەوەریان بەدەست هێناوە ئەوا دایك و باب و كەس و كارێكی وشیاریان هەبووە.
گووتیشی:” پەروەردە پڕۆسەیەكی گرنگ و كاریگەری راستەوخۆی لەسەر كۆمەڵگە و وڵات هەیە، دەتوانرێت زیاتر بەرەوپێشەوەی ببردرێت، پێویستە مامۆستایان، كەس و كاری قوتابییان، رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی دەمەنی و دواجار وەزارەتی پەروەردە بەیەكەوە رۆڵ ببینن لە باشتر كردنی پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن لە هەرێمی كوردستان”.