سەردار قازی ـ رواندز:
بەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە 26ـی شوببات، بەهۆی وەرگەڕانی پاسێكی گواستنەوە 6 قوتابی بریندار بوون، زانیاری هەیە كە هەر بەهۆی ئەو رووداوەوە چوار مانگاش مرداربوونە.
پاسێكی گواستنەوە كە 13 قوتابی قوتابخانەی ئامادەیی خانەقای تێدابوونە، بەهۆی نەمانی وەستێنەر (ئیستۆپ) خۆی بەچوار مانگا دەكێشێت و ئینجا وەردەگەڕێت، بەو هۆیەوە قوربانی لێكەوتووەتەوە.
ئەحمەد قادر، قایمقامی قەزای رواندز، بە زاری كرمانجی گوت: “سەر لە بەیانی ئەمڕۆ پاسێكی گواستنەوەی قوتابییان لە دۆلی خانەقا وەرگەڕا، پاسەكە 13 قوتابی تێدابووە و 6 قوتابی بەسووكی بریندار بوونە.”
قایمقامی قەزای رواندز، گووتیشی: “قوتابییەكان بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی فریاكەوتنی سۆران كراون و برینەكانیشیان سووكە. بەشێكیان گەڕاونەتەوە ماڵەوە.”
زاری كرمانجی، زانیویەتی بەدەر لەم زیانانە چوار مانگاش بەهۆی ئەم رووداوە بوونەتە قوربانی، تەنانەت یەكێكیان بێچووی لەسكدا بووە، هەردووكیان مردابوون، لەپاڵ سێ مانگای دیكەیش.