بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سۆران : نووسراوی تابلۆی شوێنە گەشتیارییەکان و لیستی خواردنەکان دەبێت بە زمانی کوردی بێت
مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
ساڵی ڕابردوو دەستەی گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ماوەی سێ مانگ مۆڵەتی بە شوێنە گەشتیارییەکان دا تا نووسراوی سەر تابلۆ و لیستی خواردنەکانیان بکەنە بە زمانی کوردی و کارگوزارە بیانییەکانیش خۆیان فێری زمانی کوردی بکەن، بەڵام هەر وەکوو بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سۆران هێمای بۆ دەکات ئەو هەنگاوە وەک پێویست جێ بە جێ نەکرا.
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران خاوەنی چەندین شوێنی گەشتیاری دڵرفێن و بەناوبانگە و هەندێک لەو شوێنە گەشتیارانە تا ئێستا زمانی بیانی بەسەر نووسراوی تابلۆکانیان زاڵە، لەم بارەیەوە فەیسەڵ سادق بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سۆران لە لێدوانێکی تایبەت بە زاری کرمانجی گووتی :”پێشتر دەستەی گەشتوگوزار ماوەی سێ مانگ مۆڵەتی دابوو بە شوێنە گەشتیارییەکان تاکوو تابلۆ و لیستی خواردنەکانیان بە کوردیی بکەن، بەڵام وەک پێویست جێ بە جێ نەکرا، بۆیە لە ئێستادا دووبارە کار لەسەر ئەو پرسە دەکرێت و مەبەست لەو بڕیارەش ئەوەیە کە گرنگی زیاتر بە زمانی کوردی بدەین و ئەو خەڵکە بیانییانەی لە شوێنە گەشتیارییەکان کار دەکەن هەوڵ بدەن خۆیان فێری زمانی کوردی بکەن، چونکە هەست دەکەین ئەو ڕەوشە کاریگەری لەسەر دەروونی گەشتیارانی ناوخۆیی دروست کردووە،”
بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سۆران ئەوەش دەڵێ: “لە ئیدارەی سۆران هەوڵی زۆرمان داوە بۆ ئەوەی بڕیارەکە بە تەواوی جێ بە جێ بکرێت و خۆشبەختانە بەشێکی زۆری شوێنە گەشتیارییەکان پابەندی بڕیارەکە بوونە، لەگەڵ ئەوەشدا لە کاتی نوێکردنەوە و ڕێ پێدانی مۆڵەتی شوێنە گەشتیارییەکان ئەو مەرجانەیان بەتەواوی بەسەردا دەسەپێنین،”
چەندین شوێنی گەشتیاری لە ئیدارەکە هەیە و هاووڵاتییان ڕووی تێ دەکەن، بەڵام تاکوو ئێستا هیچ پرۆژەیەکی گەشتیاری و خزمەتگوزاری تێدا نییە، لەم بارەیەوە فەیسەڵ سادق دەڵێ: “هەندێک شوێن هەیە بە گەشتیاری کراون، بەڵام تا ئێستا هیچ پرۆژەیەکی گەشتیاری تێدا نییە، نموونە بێرۆیانی ڕواندز و چیای باپەشتیان شوێنی گەشتیارین بەڵام هیچ پرۆژەی گەشتیاری لێ نییە، بۆیە بیرمان لەوە کردووەتەوە هەموو ئەو شوێنانەی گەشتیارین و خەڵک ڕووی تێ دەکەن، پرۆژەی گەشتیاری تێدا ئەنجام بدرێت و خزمەتگوزاری بۆ بچێت،”
بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سۆران ئەوەش بۆ زاری کرمانجی ئاشکرا دەکات لە کۆی تەواوی شوێنە گەشتیارییەکانی ئیدارەی سۆران تەنیا نزیکەی 30 شوێن مۆڵەتی فەرمییان هەیە و دەڵێ:”بەپێی ئاماری فەرمی شوێنی گەشتیاری لە سۆران تا کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سۆران، نزیکەی 30 شوێنی گەشتیاری مۆڵەتی فەرمییان هەبووە، ئەوانی تر گشتیان بێ مۆڵەت بوونە، کە ڕێژەیان دە بەرامبەری ئەو شوێنانەن کە مۆڵەتیان هەیە، بۆیە یەکەم کاری ئێمە هەوڵدانە بۆ ئەوەی تەواوی شوێنە گەشتیارییەکان لە هۆتێل و موتێل و چێشتخانە و کافتریا و هەوارگە و کۆمەڵگەی گەشتیاری تا مۆڵەتی فەرمی و یاساییان هەبێت، تا لە ڕێگەی ئەو مۆڵەتەوە، تەواوی ئەو ڕێکار و ڕێنمایانەی کە لەلایەن دەستەی گەشتوگوزار و ئەو یاسایەی لەلایەن حکومەتی هەرێم و پەرلەمان پەسەندکراوە، بەسەریان دابسەپێنین، ئەمەش لە پێناو خزمەتکردن بە خودی خۆیان و کەرتی گەشتیاریی لە دەڤەرەکە.”


































































