بەرپرسی بنكەی تەندروستی زۆزك: تەندروستی سۆران هاوكارمانە و پێشوەچوونێكی باشی بەخۆیەوە بینیوە
دیمانە- شەهلا رەشید
لە سنووری ئیدارەی سۆران، چەندین بنكەی تەندرووستی بەڕووی هاووڵاتییان كراونەتەوەو خزمەتگورزاری پزیشكی و تەندرووستی پێشكەش دەكەن، یەكێك لەوانەش بنكەی تەندروستی زۆزك، كە لە ساڵانی هەشتاكانە خزمەت بە هاووڵاتییان دەكات.
هادی خەلیل، بەرپرسی بنكەی تەندروستی زۆزك، بۆ زاری كرمانجی دوا و گووتی” بنكەی تەندرووستی زۆزك سەرەكییە و لە دە بەش پێكدێت، لەوانە بەشەكانی (راوێژكاریی، دەرمانخانە، ددان، تاقیگە، كۆگای دەرمان، برین پێچی ئافرەتان و پیاوان، چاودێری دایكایەتی، كوتان و ئیدارە) هەروەها 42 كارمەندمان هەیە سێ پزیشكی پلەبەند، پزیشكێكی شارەزایی گشتی، دوو پزیشكی ددانمان هەیە، هەروەها چوار كامەندی خۆبەخشمان هەیە سێ لەوان ماوەی سێ ساڵ و یەكێكیان ماوەی ساڵێكە لەم بنكەیە كار دەكەن، رۆژانە نزیكەی 120 هاووڵاتی سەردانی ئەم بنكەیە دەكەن بۆ وەرگرتنی چارەسەرە سەرەتاییەكان، هەروەها دەرزی كوتانی منداڵ رۆژانی یەك شەمە و چوار شەمەیە.
گووتیشی” لە ماوەی رابردوو بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سۆران سەردانیان كردین و بەشی تاقیگەی نۆژەن كردەوە، هەروەها چەندین كەل و پەلی نوێی بۆ بنكەكەمان دابین كرا، پزیشكی شارەزایی گشتی تەندروستی بۆ بەشی چاودێری دایكایەتی داندراوە، كە رۆژانە رێنمایی دەداتە ئەو ئافرەتانەی دووگیانن، پێشتر ئەم كارە لەلایەن ستافەكەمان ئەنجام دەدرا.
سەبارەت بە كەموكوڕییەكان ئاشكرای كرد” لە ئیدارەی سۆران بنكە تەندروستییەكان زۆرن، بۆیە بەپێی دانیشتووان و شوێنەكان پێداویستیەكان دابین دەكرێن، لە بنكەی تەندروستی زۆزك، لەرووی میلاكاتەوە گرفتمان نییە، بەگشتی لە ئێستادا هیچ كەموكوڕیەكمان نییە هەموو ئەو دەرمانانەی كە پێویستن بۆمان دابین كراون، هەر كەموكورتیەكمان هەبێت سەرەتا نووسراو بەرز دەكەینەوە بۆ بەڕێوەبەری تەندروستی سۆران، ئەوەی لە توانایاندا هەبێ درێغی ناكەن، بەڵام ئەگەر لە توانایاندا نەبێت ئەوا نووسراوەكە دەنێردرێتە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سۆران، ئەوەی لە دەسەڵاتییاندا هەبێت بۆمان جێبەجێ دەكەن و داواكارییەكانمان بەپێی دەسەڵاتەكانی خۆیان ئەنجامدراوە، ئەوەی كە كەموكوریمان هەبێت لەرووی بینا و دەرگە و پەنجەرەكانەوەیە، بە پێی ئەوەی بیناكە زۆر كۆنە سێ ساڵ پێش لەلایەن رێكخراوێكی بیانی تەنها رەنگكرایەوە، بۆیەش نووسراومان كردووە بۆ ئەوەی دەرگە و پەنجەرەكان نوێ بكرێنەوە، بەڵام وا دیارە لە ئبَستادا لە دەسەڵاتییاندا نییە، بەڵام ئەمە نابێتە كێشە چونكە هەموومان دەزانین كاری گرنگتر هەیە بكرێت، پێویستە هەموومان ئەمەش لەبەرچاو بگرین كە لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا تەندروستی سۆران بەرەوپێشچوونێكی باشی بەخۆیەوە بینیوە.