پشتیوان كەریم- سۆران:
فەیسەڵ سادق، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری ئیدارەی سۆران، بۆ زاری كرمانجی، گوتی: بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتگوزاری زیاتر پێشكەش بە گەشتیاران بكەین، چەند پڕۆژەیەكی گەشتیاری جێبەجێ دەكرێن. دەشڵێ: رێژەی هاتنی گەشتیاران لە وەرزی سەرما و سۆڵە زیاتر بووە.
بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سۆران، دەڵێ: لە هەرێمی كوردستان كەرتی گەشتیاری گەیشتۆتە قۆناخێك كە خەریكە دەبێتە یەكێك لە سەرچاوەكانی گرنگی داهات لەسەر ئاستی تاك و گشتی، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەو بارودۆخەی لە هەرێمی كوردستان هەیە لەرووی هەڵكەوتەی جوگرافی و سەقامگیری ئەمنی و باشبوونی گوزەرانی خەڵكەكەیە، ئەوەی جێگەی سەرنجە كەرتی گەشتیاری قۆناخی وەرزی تێپەڕاند و ئەوەی لێ بەدی دەكرێ ئەوەیە كە چووەتە ناو هەر چوار وەرزی ساڵ، بەهاتنی وەرزی زستانیش دەبینین ساڵانە جموجۆڵی گەشتیاری سەرنج ڕاكێشتر دەبێت بەتایبەتی كاتێك بەفر دەبارێت، بە گشتی سنووری ئیدارەی سۆران پشكی شێری بەركەوتووە لە كەرتی گەشتیارییدا.
فەیسەڵ سادق، ئەوەش دەخاتەڕوو: بوونی ژمارەیەكی زۆری گەشتیار كاریگەری ئەرێنی دەكاتە سەر ئابووری ناوچەكە و كڕین و فرۆشتن زیاد دەكات، هەلی كاریش زیاد دەبێت، بەڕەچاوكردن و سەقامگیری نرخی شتومەك و كاڵا و هاتووچۆ و تێچووی مانەوە و خۆراك سەقامگیری لە بەرز و نزمی نرخەكان كە ئەمە یەكێكە لە كارە سەرەكیەكانی ئێمە، خۆشبەختانە لەم ڕووەوە جۆرێك لە هاوسەنگی هەیە، هەر ئەمەش وای كردووە سەرچاوەكانی داهات زیاد ببێت، بۆیە لە سۆران لە چەندین لاوە هەست بەو گۆڕانكاریە ئابوورییە كراوە.
بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری ئیدارەی سۆران، دەشڵێت: ئەو رێژە زۆرە گەشتیارییەی كە بوونی هەیە، ئەو گەشتیارانەی كە سەردانی ناوچەكەمان دەكەن بەشێكی گەشتیاری ناوخۆی هەرێمی كوردستانن، لەگەڵ ئەوەی رێژەیەكی زۆریش لە پارێزگاكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە دێن، هەر ئەوەش وایكردووە كە پڕۆژەی گەشتیاری زیاد بكەین، لەرووی چەندایەتی و چۆنیەتی، ئەوە ئامانجی ئێمەیە كە هانی وەبەرهێنەران بدەین زیاتر روو لە كەرتی گەشتیاری بكەن، ئەوەی دەكەوێتە سەر حكوومەتیش ئەوەیە كە خەرجی زیاتر لەم كەرتەدا بكات.
لەدوا قسەكانیدا فەیسەڵ سادق، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری ئیدارەی سۆران، دەڵێت: سەرەڕای ئەوەی دەڤەری سۆران خاوەن چەندین شوێن و ناوچەی گەشتیارییە، لەگەڵ ئەوەشدا چەند پڕۆژەیەكی دیكەی گەشتیاری لە بەرنامە و پلانی داهاتووماندان، بۆ ئەوەی بتوانین لەم رووەوە زیاتر خزمەتگوزاری پێشكەش بكەین و كەشێكی خۆش و ئارامتر بۆ گەشتیاران بڕەخسێنین”.