زاری کرمانجی – تەکنەلۆژیا
وا دیارە چین دەیەوێت کۆمەڵێک مانگی دەستکردی گەورە بنێرێتە خولگە بۆ ئەوەی ڕکابەری ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی سپەیس ئێکس بکات.
بەگوێرەی SCMP توێژەرانی چینی ئیدیعایان کردووە کە وڵاتەکەیان دەیەوێت تۆڕێکی مانگی دەستکردی زەبەلاح بە ناوی GW لە خولگەی نزیک زەویدا دروست بکات. بەپێی ئەو پلانە، پەکین 12 هەزار و 992 مانگی دەستکرد دەنێرێتە خولگە بۆ دابینکردنی ئینتەرنێتی مانگی دەستکرد. تا ئێستا ڕوون نییە چین کەی بەنیازە مانگە دەستکردەکانی بخاتە کار، بەڵام پێش تەواوبوونی سیستەمی مانگە دەستکردەکانی ستارلینک دەبێت.
چین بەم کارە دڵنیا دەبێتەوە لەوەی کە سیستەمی مانگە دەستکردەکانیان دروست دەکرێت پێش ئەوەی مانگە دەستکردەکانی سپەیس ئێکس بە تەواوی خولگە داگیربکەن. کۆمپانیاکە لە ئێستادا زیاتر لە سێ هەزار مانگی دەستکردی لە خولگەدا هەیە، بەڵام دەیەوێت تا ساڵی ٢٠٢٧ ژمارەکەی بۆ زیاتر لە ١٢ هەزار مانگە دەستکرد زیاد بکات. بێگومان ئامانجی کۆتایی سپەیس ئێکس زیادکردنی ژمارەی مانگە دەستکردەکانە بۆ ٤٠ هەزار.