شەهلا رەشید- سۆران
وشكبوون و خورانی چاو دەشێت لە هەموو وەرزەكاندا دووچاری كەسەكان ببێتەوە، هەست بە ئازار و نائارامی بكەن، بەڵام هەندێك كەس تەنها لە وەرزی زستاندا دووچاری ئەم حاڵەتە دەبن، وشكبوونی چاو كێشە لە توانای سەرنجدان دروست دەكات و كار لەسەر چالاكییە رۆژانەییەكان دەكات، تەنانەت دەشێت هەندێك كەس نەتوانن كاروباری رۆژانەیان ئەنجام بدەن و پێویست بكات لە ماڵەوە بمێننەوە، راستە ئەم كەسانە لە وەرزی زستاندا دووچاری بێزاری و نیگەرانی دەبن، بەڵام ئەم حاڵەتە چارەسەری هەیە.
هۆكاری وشكبوونی چاو لە وەرزی زستاندا چییە؟
لای زۆربەی كەس ئاشكرایە، لە وەرزی زستاندا هەندێك ئەندامی جەستە وەكو لێو و پێست، تووشی وشكبوونەوە دەبن، هەروەها لێوەكان دەقڵیشێن، بەهەمان شێوەی ئەم بەشانەی جەستە، چاوەكانیش بە دابەزینی پلەی گەرما و نزیكبوونەوە لە وەرزی زستان، دەكرێت تووشی هەمان كاریگەری ببنەوە، ئەم حاڵەتە روودەدات كاتێك شێداری لە ناوچەی چاودا بەپێی پێویست نییە، لە ئەنجامدا چاوەكان وشكدەبنەوە و دەخورێن، ئەمەش واتای ئەوەیە فرمێسك زۆر بەخێرایی وشك دەبێتەوە، یان بەهیچ شێوەیەك بەرهەم ناهێنرێت، ئەم بارودۆخە زۆر دەگمەنە و زیاتر لە وەرزی زستاندا روودەدات، بەهۆی كەش و هەواكەوە كە وشك و ساردە.
رێگریكردن لە وشكبوونەوەی چاو لە زستاندا
چەند رێگایەك هەیە كەسی تووشبوو دەتوانێت لە كاتی تووشبوون بەم حاڵەتە پەیڕەویان بكات و وەك چارەسەرێك بەكاریان بهێنێت:
-رێكخستنی ژینگەی دەورووبەر، كۆنتڕۆڵكردنی ژینگەی دەرەوە لەژێر دەستی مرۆڤدا نییە، بەڵام دەكرێت كەش و هەوای ماڵەكە لەلایەن كەسەكەوە رێكبخرێت و گرنگی پێ بدرێت، دەبێ كاتەكانی داگیرساندنی ئەو ئامێرانەی بۆ گەرمكردنەوە بەكاردەهێنرێت رێكبخرێت و زیاد لە بڕی پێویست نەبێت، هەروەها ئەگەر ئامێری شێداركەرەوە بەكاربهێنرێت ئەوا زۆر باشترە و بەم شێوەیە چاوەكان بە شێداری دەمێننەوە، بەڵام دەبێ ئەوە بزانرێت كە ئامێری شێداركەرەوە، بەكتریا و كەڕوو بۆ خۆی رادەكێشێت و كۆیدەكاتەوە، كەواتە دەبێت بە بەردەوامی گرنگی بە پاك راگرتنی بدرێت.
-بەكارهێنانی قەترە بۆ چەوركردن یان شێداركردنەوەی چاو، بەكارهێنانی قەترەی چاو بە یەكێك لە خێراترین و كاریگەرترین رێگاكانی چارەسەركردنی وشكبوون و خورانی چاو دادەنرێت، لەبەر ئەوەی شێداری لەناو چاودا كەمە یان نییە بەكارهێنانی یارمەتی شێداركردنی چاوەكان دەدات، جگە لە بەكارهێنانی قەترە بۆ هێشتنەوەی شێداریی چاوەكان، دەكرێت مەرهەمیش بەكاربهێنرێت.
-گرنگیدان بە خواردنی تەندروست، ئەو خۆراكانەی رۆژانە دەخورێت، كاریگەری لەسەر چاوەكان و هەروەها تەندروستی گشتی جەستەدا هەیە، ئەو كەسانەی كێشەی كەمی ڤیتامینەكانیان هەیە، ئەگەر دووچاری نەخۆشییەك ببنەوە، ئەوا كاتێكی زۆرتریان دەوێت تا چاك ببنەوە، پێویستە گرنگی بە خواردنی سەوزە و میوە جیاوازەكان بدرێت، تاكوو لەش بتوانێت بە ماوەیەكی كەم نەخۆشی تێ بپەڕێنێت، هەروەها وشكبوونەوەی جەستە دەبێتە هۆی تووشبوون بە وشكبوونەوەی چاوەكان، كەواتە پێویستە لەش بە شێداری بهێڵدرێتەوە، گرنگە رۆژانە بڕی پێویست لە ئاو بخورێتەوە.
-پێویستە كاتی بەكارهێنانی ئامێرە ئەلكترۆنییەكانی وەك مۆبایل و تەلەفزیۆن ڕێكبخرێت، هەوڵبدرێت بۆ ماوەیەكی زۆر بەكارنەهێنرێن، سەیركردنی تەلەفزیۆن بۆ ماوەیەكی زۆر دەكرێت ببێتە هۆی وشكبوونی چاوەكان، لەبەرئەوەی سەرنجدان لەسەر تەنەكە زۆرتر دەبێت و بەمەش تروكاندنی چاو كەم دەبێتەوە، كەواتە هەوڵبدە مەودایەكی گونجاو و پێویست دابین بكەیت، تا كاریگەری نەرێنی لەسەر چاوەكان دروست نەبێت.
سەرچاوە:ساییتی زانیاری