دەڤەرەكە دەیان تیپی لێیە و یاریزانان لە چەندین یانە یاری دەكەن
موڕشید برادۆستی – سیدەكان:
لە قەزای سیدەكانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەیان تپی لێیە و بەهۆی نەبوونی یانەیەكی وەرزشی، یاریزانانی ناوچەكە بەهۆی ئاست بەرزییان لە چەند یانەیەك بانگهێشت كراون و یاری دەكەن و دروست كردن و هێنانەكایەیی یانەیەكی وەرزشی بە گرنگ دەزانن .
مشیر یوسف، ئەندامی دەستەی كارگێری یانەی وەرزیشی سۆران و خەڵكی دەڤەری برادۆستە، بە زاری كرمانجی گووت:” لە سنووری قەزای سیدەكان زیاتر لە 30 تیپی وەرزشی هەیە، هەمووشیان خولیاو ئارەزوی وەرزشیان هەیە بۆ ئەوەی خزمەتیان بكەن، پیویستە لایەنی پەیوەندی دار بە دوو شێوە خزمەتی دەڤەرەكە بكات تا یاریزانان و خەڵكی دەڤەرەكە لێی سودمەند بن.
زیاتر گووتی:” پێویستە بەر لە هەموو شتێك یاریگای گەورەی سیدەكان نۆژەن بكرێتەوە و بكرێتە چیمەنی دەستكرد، تا بتوانن خزمەتی لاوانیان بكەن، هیوادارم ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كەموو كورتیەكانیان بۆچارەسەر بكات، لە هەمان كات، مۆڵەتی یانەیان پێ بدرێت و دەڤەرەكە ببێتە خاوەن یانەیەكی وەرزشی تایبەت بە خۆی، بەم دوو شتە بچوكترین خزمەتیان دەكرێت و دەبێتە جێگەی دڵخۆشی لاوانی سیدەكان و دەڤەری برادۆست”.
لای خۆیەوە، نەزیر شەهاب لۆڵانی بەرپرسی ناوەندی چالاكی و پێگەیاندنی لاوانی سیدەكان، بەزاری كرمانجی راگەیاند:” داواكاری تیپ و وەرزشوانانی سیدەكانمان بە شێوەی فەرمی، گەیاندۆتە لایەنی پەیوەندی دار بە مەبەستی دامەزراندن و دروست كردنی یانەیەكی وەرزشی لە سنوورەكەمان، دووای پێشكەش كردنی داواكاری لە رێگەی قایمقامیەت و لەوێشەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی وەرزشی سۆران و گشتی هەولێر بەرز كراوەتەوە .
بەرپرسی ناوەندی چالاكی و پێگەیاندنی لاوانی سیدەكان، دەڵێت:” بڕیار وایە لە رۆژانی داهاتوودا لیژنەیەك لە نزیكەوە سەردانی سیدەكان بكات و یاریگا و تیپەوەرزشییەكان ببینێت و بڕیاری كۆتای لە بارەی ئەوە بدات كە سیدەكان شایستەی ئەوەیە یانەی وەرزشی هەبێت یاخود نا.
دووپاتی كردەوە، سیدەكان لە رووی جوگرافیەوە زۆر گەورەیە و خاوەنی نزیكەی 35 تیپی وەرزشییە، پێویست بوو سالانێك بەر لە ئێستا یانەی وەرزشی تایبەت بەخۆی لێبا، چونكە خاوەن چەندین یاریزانی بەتوانایە، بەهۆی نەبوونی یانەیەك نەتوانراوە گرنگی باشی پێ بدرێت، یاریزانمان لە چەندین یانەی وەرزشی كوردستان یاریان كردووە و ئێستاش بەشێكیان بەردەوامن، بەتایبەت لە یانەی ئاڕاڕات و چۆمان و رواندز.
نەزیر لۆڵانی، گووتیشی:” ئەگەر بێتوو یانەیەكمان هەبێت، گرنگی زۆر زیاتر بە یاریزانان دەدرێت و بۆ سیدەكانیش لە رووی وەرزشی سودی زۆری دەبێت، دەرخەستەی نۆژەن كردنەوەی یاریگای گەورەی سیدەكانمیشان پێشكەش بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كردووە و بڕیار وایە بكەوێتە واری جێبەجێ كردن، یاریگایەكی مۆدیرن و سەردەمیانە دروست بكرێت”.