شەهلا رەشید- سۆران
نەخۆشی سەدەف، یەكێكە لە نەخۆشییە باوەكان، كە دەبێتە هۆی هەوكردنی پێست، ئەم نەخۆشییە بە یەكێك لە باوترین نەخۆشی پێست دادەنرێت لە جیهاندا.
نەخۆشی سەدەف، بە ئینگلیزی Psoriasis diseaseنەخۆشییەكی پێستە كە دەبێتە هۆی ئەوەی خانەكانی پێست تا دە هێندە خێراتر لە حاڵەتی ئاسایی زیاد بكەن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی پێستەكە كۆببێتەوە و ببێتە پەڵەی سوور كە بە توێكڵی سپی داپۆشراوە، دەتوانن لە هەر شوێنێك گەشە بكەن بەڵام بە زۆری لەسەر پێستی سەر، ئەنیشك، ئەژنۆ و بەشی خوارەوەی پشت دەردەكەون، سەدەف لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر ناگوازرێتەوە، هەندێك جار لە ئەندامانی هەمان خێزاندا روودەدات، ئەم نەخۆشییە لە سەرەتایی تەمەنی پێگەشتندا دەردەكەوێت، لە زۆربەی خەڵكدا كاریگەری لەسەر بەشێكی كەمی جەستەی دەبێت، بەڵام لە حاڵەتە تووندەكاندا سەدەف دەتوانێت بەشێكی زۆری جەستە داپۆشێت، دەكرێت پەڵەكان چاك ببنەوە و دواتر لەكاتێكی تری ژیانی كەسەكەدا دەربكەونەوە.
نیشانەكانی نەخۆشی سەدەف
نیشانەكانی نەخۆشی سەدەف بەگوێرەی جۆرەكەی دەگۆڕێت، هەندێك لە نیشانە باوەكانی پەلەی سەدەف، كە باوترین جۆریەتی بریتییە لەمانەی خوارەوە:
-لەكەی سووری سەر پێست، كە زۆرجار بە توێژاڵی زیوی داپۆشراوە، لەوانەیە ئەم پەلانە خوران و ئازاریان هەبێت، هەندێك جاریش درزیان تێدەبێت و خوێنیان لێدێت، لە حاڵەتە سەختەكاندا، پەلەكان گەشە دەكەن و تێكەڵ دەبن و رووبەرێكی فراوان دەگرنەوە.
-ناڕێكی نینۆكەكان، لەوانە گۆڕانی رەنگ و چاڵبوونی نینۆكەكان و هەروەها لەوانەیە نینۆكەكان بشكێن یان جیاببنەوە.
-دروستبوونی پەلە توێژاڵ لەسەر پێستی سەر.
هۆكارەكانی ئەم نەخۆشییە چین؟
كەس بە وردی هۆكاری نەخۆشی سەدەف نازانێت، بەڵام پسپۆڕان پێیان وایە ئەمە بەهۆی كۆمەڵێك هۆكارە، هەر شتێكی هەڵە لە سیستەمی بەرگری جەستە دەبێتە هۆی هەوكردن و ئەمەش دەبێتە هۆی دروست بوونی خانە نوێیەكانی پێست بە خێرایی، بەشێوەیەكی ئاسایی خانەكانی پێست هەر 10 بۆ 30 رۆژ جارێك دەگۆڕدرێن، ئەمە لە نەخۆشی سەدەفدا هەر 3 بۆ 4 رۆژ جارێك روودەدات، كۆبوونەوەی خانە كۆنەكان كە لەلایەن خانە نوێیەكانەوە شوێنیان دەگیرێتەوە، ئەو توێژاڵە زیویانە دروست دەكات، سەدەف دەكرێت بۆ نەوەكان بگوازرێتەوە، بەڵام لەوانەیە نەوەیەك بەجێ بهێڵێت، بۆ نموونە رەنگە باپیرێك و نەوەكەی تووشی ئەم نەخۆشییە ببن، بەڵام دایكی منداڵەكە تووش نەبێت.
ئەو شتانەی كە دەتوانن ببنە هۆی تەشەنە كردنی نەخۆشی سەدەف بریتین لە:
-برین یان نەشتەرگەری
-پەستانی سۆزداری
-هەوكردنی قوڕگ
-دەرمانەكان، لەوانە دەرمانەكانی پەستانی خوێن، دژە مەلاریا، لیسیۆم و ماددە جێگیركەرەكانی تری باری دەروونی، دژە زیندەییەكان و دەرمانی NASID.
چۆن ئەم نەخۆشییە دەستنیشان دەكرێت؟
-پشكنینی جەستەیی
-ئاسانە بۆ پزیشكەكەت كە نەخۆشی سەدەف دەستنیشان بكات، بەتایبەت ئەگەر پەلەكە لەسەر گوێیەكان، ئەنیشك، ئەژنۆكان، ناوك و نینۆك.
-پزیشكەكە پشكنینی تەواوی جەستەیی دەكات و دەپرسێت ئایا كەسانی خێزانەكەت نەخۆشی سەدەفیان هەیە؟
-پشكنینی تاقیگەی، كە تیایدا بەشێك لە پێستەكە وەردەگیرێت و پشكنینی بۆ دەكرێت بۆ دڵنیایی ئەوەی كە هەوكردنی پێستت نییە، هیچ پشكنینێكی تر نییە بۆ پشتڕاستكردنەوە یاخود رەتكردنەوەی نەخۆشی سەدەف.
چارەسەری نەخۆشی سەدەف
-هیچ چارەسەرێكی هەمیشەیی بۆ سەدەف نییە، بەڵام كۆمەڵێك چارەسەر دەتوانن نیشانەكانی و دەركەوتنی پەلەی پێست چارەسەر بكەن.
-لە زۆربەی حاڵەتەكاندا یەكەم چارەسەر كە بەكاربهێنرێت چارەسەری سەر پێستە، كە بریتییە لە وەرگرتنی ڤیتامین D، بەكارهێنانی كرێم و مەرهەم كە لە پێستەكە دەدرێن.
-ئەگەر ئەمانە كاریگەر نەبوون، یان حاڵەتەكەت تووندتر بوو، لەوانەیە چارەسەرێك بە ناوی فۆتۆتێراپی بەكاربهێنرێت، چارەسەری فۆتۆ بریتییە لە بەركەوتنی پێستت بە هەندێك جۆری تیشكی سەروو بنەوشەیی.
-لە حاڵەتە تووندەكاندا چارەسەرەكانی سەرەوە بێ كاریگەرن، لەوانەیە چارەسەری سیستەماتیكی بەكاربهێنرێت، كە دەرمانی زارەكین یان دەرزین كە كار لە هەموو جەستە دەكەن.
ژیان لەگەڵ نەخۆشی سەدەفدا، هەرچەندە سەدەف تەنها خورانێكی بچووكە بۆ هەندێك كەس، بەڵام دەتوانێت كاریگەرییەكی بەرچاوی لەسەر كوالێتی ژیانی ئەو كەسانە هەبێت كە زیاتر تووشی بوونە، بۆ نموونە هەندێك كەس كە تووشی نەخۆشی سەدەف بوونە متمانە بەخۆبوونیان كەمە، بەهۆی دەركەوتنی نیشانەكانی نەخۆشییەكە لەسەر رووخساریان، هەروەها زۆر باوە كە نەرمی، ئازار، ئاوسانی جومگەكان و شانە بەستراوەكان دروست دەبێت، ئەمەش بە هەوكردنی جومگەكانی سەدەف ناسراوە.
سەرچاوە:سایتی زانیاری