محەمەد هەسنانی-سۆران:
بەپێی زانیاری و بەدواداچوونەكانی زاری كرمانجی، هاوكاری و كۆمەكەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە سەلامەتی گەینداراونەتە لێقەوماوانی باكووری كوردستان و دەست بە دابەشكردنیان دەكرێت.
ئیبڕاهیم شێروانی، ئەندامی دەستەی سەرپەرشتیاری كۆمەك و هاوكارییەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: ” ئەو هەشت بارهەڵگرە كۆمەك و هاوكارییانەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، كە وەك لیژنەیەكی سێ كەسی سەرپەرشتیمان دەكرد، بە سەلامەتی گەیاندوومانەتە باكووری كوردستان و لە كۆگای سەرەكی مانگی سووری توركی لە شاری عەنتاب دامان بەزاندوون و بە پێی پێویستی لێقەوماوانی بوومەلەرزەكە دەست بە دابەشكردنیان دەكرێت”.
گووتیشی: ” هەر لە كاتی داخل بوون و گەیشتنمان بۆ باكووری كوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەكان ئاسانكاری زۆرمان بۆ كرا، هەروەها خەڵكی باكووری كوردستان، پێشوازی زۆریان لێكردین و دڵخۆشن بەو هاوكارییانەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ لێقەوماوانی ئەو وڵاتە.
دوای راسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتی هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بەرپرسانی ئیداری سنوورەكە، بە دەیان تەن كۆمەك و خواراك و سەدان ملیۆن دینار لە قەزاو ناحییەو گوندەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كۆكرایەوەو بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەكەی باكوور و ڕۆژئاوای كوردستان رەوانە كران.
