بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران :”بە گوژمەی زیاتر لە پەنجا ملیار دینار پڕۆژەیەكی ستراتیژی گرینگ جێ بەجێ دەكرێت”
پشتیوان كەریم – زاری كرمانجی:
رێكەوتی 14 ـ 9 ـ 2021 لە مەراسیمێكدا لە قەزای سۆران بە ئامادەبوونی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران راگەیەندرا و هەڵگورد شێخ نەجیب كە ئەو كات قایمقامی قەزای سۆران بوو وەك سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دیاركرا و لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە نامەی دەستبەكاربوونی پێ بەخشرا.
دوای دوو رۆژی تر ساڵێك تێپەڕ دەبێ بەسەر راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، زاری كرمانجی وەك پیشەیی هەمیشەیی خۆی، رەیی تەواوی بەرپرسان و بەرێوەبەرانی فەرمانگە حكومییەكان و بەشێك لە دانیشتووانی سنووری ئیدارەكە وەردەگرێ لەسەر دەستكەوت و شێوازی كاركردن و داواكارییان لە ماوەی ساڵێكی تەمەنی.
بۆ ئەم مەبەستە عەبدولوەهاب محموود بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران، دەڵێ :” كردنەوەی ئیدارەی سەربەخۆ و دەستنیشانكردنی سەرپەرشتیاری ئیدارەكە، گۆڕانكاری و نوێبوونەوەی زۆری دروستكرد”،
لە بارەی ئەو پرۆژانەی لە سنووری ناحیەی حاجی ئۆمەران ئەنجامدراوە لە ماوەی یەك ساڵ تەمەنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، عەبدولوەهاب محموود دەڵێ:” ساڵی پار بە گوژمەی 250 ملیۆن دینار و ئەمساڵ بە گوژمەی 400 ملیۆن دینار چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سەنتەری ناحیەی حاجی ئۆمەران و گوند و ئاواییەكان ئەنجام دراون، وەك پڕۆژەی قیركردنی شەقامەكان و ئاو و كارەبا و نۆژەنكردنەوەی قوتابخانە و چەندان پڕۆژەی دیكەی لەخۆ گرتبوون “.
عەبدولوەهاب ئاشكراشی كرد:” بە هەوڵی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران هەڵگورد شێخ نەجیب، توانرا دەست بە دوو سایدی رێگای هامڵتۆن حاجی ئۆمەران بكرێتەوە بەگوژمەی پەنجا ملیار دینار، پڕۆژەیەكی ستراتیژی و گرینگ كە بە چەندین قۆناغ جێ بەجێ دەكرێت لە ئێستادا قۆناغی یەكەمی كاركردن تێیدا بەردەوامە”.