مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
لە ڕاگەیاندراوێکدا یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ڕوونکردنەوەی زیاتر لەسەر سوودمەندبوونی مامۆستایان لە وەرگرتنی ئۆتۆمبێل بە قیست دەخاتە ڕوو و ڕادەگەیەنێت هەر مامۆستایەک مووچەکەی لە یەک ملیۆن دینار زیاتر بێت مافی وەرگرتنی ئۆتۆمبێلی هەیە بە قیست .
هەفتەی ڕابردووەوە لە هەر یەک لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک دەستکراوە بە پێدانی ئۆتۆمبێل بە شێوازی قیست بۆ ئەو مامۆستایانەی مووچەکانیان لە ملیۆنێک و 100 هەزار دینار زیاترە.
یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ئاشکراشی دەکات کە: “نرخی ئۆتۆمبێلەکان بەپێی ڕێککەوتنمان لەگەڵ کۆمپانیای ناوبراو لەنێوان 1000 بۆ 1200 دۆلار لە نرخی بازاڕ کەمتر دەبێت، کە بە پێنج ساڵ دەدرێتەوە و مامۆستا پێویستی بە پشتگیری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە و یەکێتی مامۆستایان دەبێت تا لە کۆمپانیاکە ئۆتۆمبێل ڕابکێشێت.”
لە ئایندەیەکی نزیک هەر وەکوو یەکێتیی مامۆستایان هێمای بۆ دەکات لە ئیدارە سەربەخۆکانیش ڕاکێشانی ئۆتۆمبێل بە قیست بۆ مامۆستایان بەردەست دەبێت و لەگەڵ ئەوەشدا جۆری ئۆتۆمبێلەکانیش زیاتر دەکرێت.


































































