زاری كرمانجی -سۆران:
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، پڕۆژەیەک ئامادە کراوە بۆ ئەوەی کاتەکانی بانگدان لە هەرێمی کوردستان رێک بخرێتەوە و لە هەر پارێزگایەک مزگەوتەکان لە یەک کاتدا بانگ بدەن، بۆ ئەوەی جیاوازی نەبێت لە بانگدان لە مزگەوتێکەوە بۆ مزگەوتێکی دیکە، ئەمەش بە رەوچاوکردنی بنەمای شەرعی و هەڵکەوتەی جیۆگرافی بڕیاری لێ دەدرێت.
نەبەز ئیسماعیل، رایگەیاند: “ئێمە کێشەیەکمان هەیە کە لە مزگەوتەکان لە یەک کاتدا بانگ نادرێت، بۆ نموونە لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک لە مزگەوتێک بانگ دەدرێت و لە مزگەوتێکی دیکە دوای پێنج خولەک بانگ دەدرێت، بۆیە لیژنەی فەتوا بە هاوکاریی مامۆستایانی ئایینی، خۆیان دانیشتن دەکەن لەسەر بنەمای شەرعی و هەڵکەوتەی جیۆگرافی کاتەکانی بانگدان رێک دەخرێت تا لە یەک کاتدا بانگ بدەن، کە ئەوەش پڕۆژەی رێکخستنەوەی کاتەکانی بانگدانە”.
ئیسماعیل گوتیشی: “پێویستە بۆ نموونە لە پارێزگای دهۆک لە مزگەوتەکان لە یەک کاتدا بانگ بدرێت نەک هەر یەکێک لە کاتێکدا بانگ بدات، بۆیە هەموو رایەکان لەسەر ئەو بابەتە لە رایەکی بەهێزدا کۆدەکرێنەوە و ئەوکات بڕیاری لێ دەدرێت، بەڵام لە هەر پارێزگایەک رەنگە جیاوازی هەبێت لە کاتی بانگدان، بۆیە ئەوەش بە رەچاوکردنی بنەمای جیۆگرافیی شوێنەکە دەبێت”.
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە، ئێستا لیژنەی باڵا کۆبوونەوەی خۆی کردووە و لیژنە لاوەکییەکانیش سەرقاڵی ئامادەکردنی راپۆرتن، کە تەواو بوون و هاتنەوە، بڕیاری کۆتایی لەو بارەیەوە دەدرێت.