د. نیار محیەدین، مامۆستا لە زانکۆی سۆران
ڕووداوه سروشتییهکان ئهو ڕووداوانهن که ههمیشه بهشێوهیهکی پێشبینی نهکراو ههندێک جاریش پێشبینی کراو دوور له خواستی مرۆڤ ڕوو دهدهن. مامهڵه کردن لهگهڵیان كارێكی زهحمهته و ههمیشه قهبارهی زیانهکان له ڕووی ماددی و مهعنهویهوه زۆره. وەک ئەوەی وڵاتێکی وەک یابان بەو هەموو پێشکەوتنە تەکنەلۆجیایەی کە هەیەتی لە ساڵی ٢٠١١ نەیتوانی پێش لەم جۆرە ڕووداوانە بگرێت، کە لە ئەنجامدا قەبارەی زیانە ماددی و مەعنەوییەکانی سەرسورهێنەر بوون. ئهم ڕووداوانه ههر له کۆنهوه له لایهن پسپۆران و شارهزایانی بواری ئاسایشی نیشتیمانییهوه جێگای گرنگی پێدان بوونه، چونکه ڕاستهوخۆ یان ناڕاستهوخۆ به دیوێکی شاراوه له زامنکردنی سهقامگیری ئابووری و کۆمهڵایهتی و تهنانهت له سیاسەتیش کاریگهرییان هەبووە. وەک ئەوی لە بیردۆزەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بە تایبەت قوتابخانەی کۆبنهاگن بابەتەکانی پەیوەست بە ژینگە (Environment) هەمیشە یەکێک بوونە لە بنەما سەرەکییەکانی ئاسایشی نیشتیمانیی هەر وڵاتێک. بەو مانایەی بابەتەکانی ژینگە کاریگەریی ڕاستەخۆیان لەسەر داهاتووی پێشکەوتنی وڵاتان هەیە بۆ ئەوەی بتوانن لە عیلاقاتی نێودەوڵەتی شکۆ و سەروەری خۆیان بپارێزن.
لە جیهانی ئێستادا ڕووداوە سروشتییەکان بەتایبەت (بومەلەرزە و لافاو) وەک چەكێكی خاپوورکەر و سنوور شکێن لە ماوەیەكی کەمدا دەتوانن ئەوەی هەیە تێکی بشکێنن و لە ناوی ببەن و نەخشەی ژێرخانی ئابووری و کۆمەڵایەتیی وڵاتان بەرەو داهاتووەیەکی نادیار ببەن. بۆیە ڕووداوە سروشتییەکان وەک کۆلەگەیەکی گرنگی ئاسایشی نیشتیمانی هەمیشە بۆتە بابەتێکی سەرەکیی کۆنفرانسە نێودەولەتییەکان و توێژینەوە زانستییەکان، کە ئامانج تێیدا گەڕانە بە دوای هەموو ئەو میکانیزمە زانستییانەی کە تێیدا پسپۆران و شارەزایان بتوانن تا ڕاددەیەک کاریگەرییە نێگەتیڤیەکانی ئەم ڕووداوە سروشتیانە کەم بکەنەوە، چونکە بوونی ئەم ڕووداوە سروشتیانە وێرانکەرن و ڕێگرن لەو پێشکەوتنانەی کە هەر وڵاتێک دەیەوێت هەنگاوی بۆ بنێت. وەک ئەوەی لە دوا کۆنگرەی (داڤوس) ی نێودەوڵەتی لە ١٦/١/٢٠٢٣ بابەتی ژینگە و لە نێویدا ڕووداوە سروشتییەکان یەکێک بوو لەو بابەتە سەرەکیانەی کە ئەم کۆنگرەیە بە گرنگیەوە بایەخی پێ داوە.
ئەگەرچی تاکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان قەبارەی زیانی ئەو ڕووداوە سروشتییانەی هاوشێوەی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان بوونیان نەبووە، بەڵام ڕوودانی ئەو ڕووداوانە (بومەلەرزە و لافاو) لە هەموو بارودۆخێکدا ئەگەرێکی کراوەیە بۆیە هەنگاونان بۆ ڕێگریگرتن یاخود کەمکردنەوەی قەبارەی زیانەکان جگە لەوەی ئەرکی سەرەکیی حکوومەتە لە هەمان کاتیشدا ئەرکی هاوڵاتیە بەتایبەت سەرمایەدارەکان تاکو بتوانین پێکەوە لە چوارچێوەی پلانێکی ستراتیجی ڕووبەرووی ئەو ڕووداوە سروشتیانە ببنەوە کە زیانی ماددی و مەعنەویان بۆ وڵات هەیە.
کاریگەرییە نێگەتیڤەکانی ڕووداوە سروشتییەکان (بومەلەرزە و لافاو) بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی
١- لە ڕووی ئابوورییەوە: ژێرخانی ئابووری وڵات تێکدەشکێنێت، بەتایبەت ئەو پرۆژە ستراتیجیانەی کە وڵاتیان لە سەر بنیاد نراوە یاخود بنیات دەنرێ.
٢- لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە: پێکهاتەی شیرازەی کۆمەڵایەتی تێک دەدات و هەژاری و برسیەتی بڵاودەبێتەوە.
٣- لە ڕووی تەندروستیەوە: هەرچی نەخۆشیە بە خێرایی بڵاودەبێتەوە.
٤- لە ڕووی ئاسایشەوە: سەر و ماڵی هاوڵاتیان پارێزراو نابێت و دزی و کوشتن بەرۆكی کۆمەڵگا دەگرێت.
0- لە ڕووی سیاسیەوە: وڵات ناتوانێت لە عیلاقاتی نێودەوڵەتی لە بڕیاردانی سیاسی و پاراستنی سەروەری خۆی بەشدار بێت.
ئەوەی پێویستە بکرێت….
١- پێویستە حکوومەت پلانی ستراتیجیی پێشوەختەی هەبێت بۆ هەموو ڕووداوێکی سروشتی کە گونجاو بێت لەگەڵ جۆری ڕووداوەکە.
٢- پێویستە حکوومەت چاودێرییەکی ورد و زانستیانە بۆ هەموو پرۆژە ستراتیجییەکان بکات و سزای هەموو ئەو سەرمایەدارانە بدات كە كەمتەرخەمن لە بنیاتنانی پرۆژە ستراتیجییەکان .
٣- پێویستە حکوومەت هەمیشە هەیکەلیەتێکی گونجاو و زانستیی بۆ ئیدارەدانی ڕووداوەکان هەبێت وەک (سەرۆک، خاوەن ئەزموون، بەڕێوەبەر، گەیاندن، تەکنیکاران، دارایی و کارکەرەکان).
٤- بەهێزکردنی سیستەمەکانی زانیاری بەتایبەت بابەتەکانی چاودێری و گەیاندن.
٥- پێویستە زانکۆ و قوتابخانەکان و پیاوانی ئایینی و دەزگا ڕاگەیاندنەکان ڕۆڵی زیاتریان هەبێت لە هۆشیاریی تاکەکانی کۆمەڵگا.
٦- هاوڵاتیان پێویستە پاپەندبن بە ئاگادارییە پێشوەختەکان و ڕێنماییەکانی حکوومەت بۆ ڕووداوە سروشتییەکان.
دەرئەنجام…
لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت ڕووداوە سروشتییەکان (بومەلەرزە و لافاو) لەو ڕووداوانەن کە ئەنجامەکانیان ڕاستەوخۆ کاریگەری دەکاتە سەر ئاسایشی نیشتیمانی بەتایبەت لە مەسەلە ئابووری و کۆمەڵایەتییەكان. هەروەها بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ڕووداوانە تەنها ئەرکی حکوومەت نیە، بەڵکو پێویستە هاوڵاتیش هۆشیار بێت و هەمیشە ئامادەکاریی تێدا بێت.