محەممەد مەحموود – سۆران:
لە دوای ئەنجامدانی كۆنگرەی 14 پارتی دیموكراتی كوردستان، گۆڕانكاری لەناو ئۆرگانەكانی ئەو حزبە بەردەوامی هەیە و دوێنی لە مەڕاسیمێكدا بە ئامادەبوونی بەرپرس و ئەندامانی مەكتەبی رێكخستنی هەولێر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەهرام عەریف یاسین، پۆستی بەرپرسی لقی 10 وەرگرت و لە وتاری دەستبەكاربوونی ئاماژەی بۆچەند خاڵێك كرد”.
بارەگای لقی 10 ماڵی هەمووانە ئەمە قسەی بەرپرسە نوێیەكەی لقی 10 بوو كەوا لە مەڕاسیمی دەستبەكاربوونی ئاماژەی پێكرد بۆ خزمەتكردنی هەموولایەك، پاشان بەهرام عەریف روویكردە ئەندامانی پارتی و پێی گووتن ” رێگە بەهیچ ئەندامێكمان نادەین لەم سنوورە كارە خراپەكان درێژە پێبدات یان بیەوێت ئەنجامیان بدات، یان كارێك كە بۆتە هۆی دڵرەنجاندنی هەڤاڵێكمان، هەمووان بەیەك تیم كاردەكەین بۆسەر خستنی بەرنامەو كارەكانی پارتیمان”.
دواتر بەرپرسی لقی 10 گووتی ” باردۆخی دوای كۆنگرەی 14 پارتی جیاوازە لەگەڵ پێش كۆنگرە، پاڵپشتی تەواوی خۆمان بۆ كارەكانی حكومەت لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دووپاتدەكەینەوە، دەبێت هەڵسوكەوتی دام و دەزگاكان لەگەڵ خەڵك بەو پەڕی رێزەوە بێت”.
پاشان بەهرام عەریف یاسین، باسی لە هەماهەنگی نێوان داموو دەزگاكان كردوو گووتی ” ئێمە هەماهەنگی تەواومان دەبێت لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان و هێزەكانی پێشمەرگە لەم دەڤەرە، بەهەمان شێوەش لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی و سەرۆكایەتی زانكۆی سۆران وەك ناوەندێكی ئەكادیمی و زانستی بۆكارو بارەكان پرس و راوێژیان پێدەكەین و گوێ لەسەر نجەكانیان دەگرین بۆ برەودان بەكاری حزبایەتی”.
لەكۆتایی قسەكانیدا بەهرام عەریف یاسین، بەرپرسی لقی 10 پارتی بۆ خانەوادەی شەهیدان و ئەندام و لایەنگرانی حزبەكەی گووتی” گرنگی زیاتر بە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان دەدەین ، كاری رێكخراوە پیشەییەكان و جەماوەرییەكانیش جێگەی گرنگی پێدانە، بۆیە داوا لە هەڤاڵانی پارتی دەكەم لەم سنوورە بە ئەركی پارتایەتی خۆیان هەڵبستن بۆ زیاتر خزمەتكردنی هاووڵاتییان، چونكە بنەماكانی پارتیمان ئێمەی فێری نیشتیمان پەروەری و مرۆڤ دۆستی و ژینگە دۆستی كردوە ئەبێت گرنگیان پێبدەین.