هجوم ئیلیاس : ئەوەندە تێكەڵی خاك و گۆڕ بوومە، زۆر جار لەكاتی كاردا هەست دەكەم قسەم لەگەڵ دەكەن
مەهدی محەممەد – ڕواندز :
هجوم ئیلیاس سۆفی ماوەی 40 ساڵە خۆبەخشانە و بێ بەرامبەر كاری گۆڕ هەڵكەنی دەكات، ئەوەندە گۆڕی هەڵكەندووە نازانێت ژمارەی ئەو گۆڕانەی لێداوە چەندن، بەڵام باس لەوە دەكات كە قەبری بۆ زیاتر لە 70 % ئەو كەسانە لێداوە كە لە ماوەی ڕابردوودا مردوون، هجوم ئەگەرچی لە ئێستادا جاروبار ئازاری پشتی ئاستەنگی بۆ دروست دەكات، بەڵام هەر وەكوو خۆی دەڵێ: “بیرم لەوە نەكردووەتەوە واز لە كارەكە بهێنم، چونكە ئاسوودەیی بە ویژدانم دەبەخشێت و لەگەڵ ئەوەشە كارێكی گەورە و پڕ لە خێرە، جگە لەوەش دەمەوێت لەو ڕێگایەوە دوا هاوكاری خۆم پێشكەش بە هەر كەسێك بكەم كە ژیان ئاوایمان لێ دەكات”.
كاتێك یەكێك لە هاوشارییان ژیان ئاوایی دەكات، هجوم لەگەڵ حەوت برادەری تری، بەر لە هەر كەسێك لە گۆڕستان ئامادەییان هەیە، ئەوەش وای كردووە لەلایەن هاوشارییان نازناوی پاڵەوانانی گۆڕستانیان پێ ببەخشرێت.
هجوم لە بارەی گۆڕ و خاكەوە بۆ زاری كرمانجی دەدوێت و دەڵێ: “ئەوەندە تێكەڵی خاك و گۆڕ بوومە، ئاشنایەتییەكی زۆرمان پەیدا كردووە، زۆر جار لەكاتی كاردا هەست دەكەم قسەم لەگەڵ دەكەن. بزەیەك دەكات و درێژە بە قسەكانی دەدات: “هەندێك لە برادەردان هەر بۆ خۆشی پێم دەڵێن هەموو خەڵكت خستە ژێر گڵ، لەوە ناترسیت ڕۆژێك تۆش بچیتە ژێر گڵ ؟ پێیان دەڵێم مردن ڕێگایەكە هەموومان پێدا تێپەڕ دەبین، ئەمڕۆ بیت یان سبەی، گرنگ ئەوەیە كارێك بكەین لە پاش مردن خەڵك بۆمان پەرۆش بێت و نزای خێرمان بۆ بكات، نەك پێچەوانەكەی.”
پاڵەوانەكەی گۆڕستان ڕووی دەمی دەكاتە ئەو كەسانەی لە شارەكانی تری كوردستان بە پارە گۆڕ هەڵدەكەنن و پێیان دەڵێ: “گوناهە بازرگانی بە مردوو بكرێت ؟ ئەمە چ ویژدانێكە گۆڕ بۆ مردوو هەڵبكەنیت و پارەش لە خاوەنی مردووەكە وەربگریت؟.” بۆیە ئەوەش دەڵێ: “ئامادەم لەگەڵ برادەرەكانم ڕوو بكەینە هەر شارێك ئەگەر پێویستیان بە ئێمە بێت.”
هجوم جگە لە گۆڕ هەڵكەندن لەگەڵ شەش برادەری تر، مانگی دوو جار بەخشراوەكان و دەروون پاكەكانی شار كۆ دەكەنەوە و پاكیان دەكەنەوە و جلوبەرگی نوێیان لەبەر دەكەن، هەروەها یەكێكە لە ئەندامانی ڕێكخراوی خوێن بەخشانی شاری ڕواندز و هەر وەكوو خۆی دەڵێ : “تا ئێستا 88 بوتڵە خوێنم بەخشیوە بەو كەسانەی پێویستیان بووە.”